تورکیا جارێکی دیکە سنووری ئامێدی بۆردومان کردەوە

تورکیا جارێکی دیکە سنووری ئامێدی بۆردومان کردەوە
هاووڵاتییەکی شاری ئامێدی ڕایگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئاسمانی کوردستانیان بەزاند و قەزای ئامێدییان بۆردومان کرد.

(ئەحمەد زیاد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بە هۆی هەبوونی بارەگاکانی پەکەکەوە ئەمڕۆ فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری ناوچەی بەرواری باڵایان بۆردومان کرد و ترسێکی گەورە لە دڵی خەڵکدا دروست بووە و خەڵک لە ترسی فرۆکەکان هاتوونەتە دەرەوە.''
(ئەحمەد زیاد) گوتیشی: ''تا ئێستا نازانرێت زیانی بۆردومانەکە چەندە و خەڵک دەترسێت نزیکی ئەو ناوچانە بیت کە فرۆکەکان بۆردومانی دەکەن و ئێستا فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا هاتوچۆی ئاسمانی ئامێدی دەکەن.''
لای خۆیشیەوە (سەربەست سەبری)، بەرێوەبەری ناحیەیی کانی ماسێی سەر بە قەزای ئامیدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکاتی تورکیا دۆڵێکی لە نزیک گوندی بازێ کە سەر بەناحیەکەمانە بۆردومان کردووە.
بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە هۆی بوونی پەکەکەیە لەو سنوورانەدا، وەک بەڕێوەبری ناحیەی شیلادزێ (وارشین سەلمان) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی، لە سنووری ناحیەی ئێمەیش لە کۆی گشتیی ٩٢ گوند، ٨٥ گوند لە ژێردەستی پەکەکەدان.
لەگەڵ ئەوەی کە تورکیا بۆردومانی سنوورەکە دەکات، هاوکات پەکەکەیش لەو گوندانەدا زیان بە خەڵکی دەگەیەنێ، ئەمە لەسەر زاری خەڵک و بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە پشتڕاستکراوەتەوە و ئەوان دەڵێن، لەبەر پەکەکە گوندەکانیان چۆڵ کردوون.
قەزای ئامێدی دەکەوێتە ٧٠ کیلۆمەتریی باکووری پاڕیزگای دهۆک و ناوچەی سنوورییە لەسەر سنووری تورکیا، کە ١٠ کیلۆمەتر لە سنوورەوە دووروە و ناوچەیەکی چیاییە، ژمارەی دانیشتوانەکی ٨ هەزار کەسن، خاوەنی شەش ناحیەیە: کانی‌ماسێ، بامەرنێ، دێرەلۆک، شیلادزێ، سەرسنگ و چەمانکێ.
kdp-
Top