چاودێرێکی سیاسیی: ڕای ئەمەریکا لەسەر عەبادی دەگۆڕێت
حکوومەتی عێراق سەرەڕای داواکاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئامادەیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان ھەرێم و بەغدادا، بەڵام بەغدا تا ئێستا ئامادەی گفتوگۆ و دانوستان نییە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و بە ڕای چاودێرانی سیاسیش ئەگەر سەرۆکوەزیران بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ڕای کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بەرانبەر ئەوان دەگۆردرێت.
لەم بارەیەوە، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، (د. عەبدولحەکیم خەسرۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوو خاڵی سەرەکی ھەیە حکوومەتی عێراق خۆی لە دانوستان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەدزێتەوە، لەوانە لایەنە عێراقیەکان وای دەبینن، چەندە دانوستان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دوا بکەوێت بۆ ئەوان باشترە بۆ ھەڵبژاردنەکان و زیاتر دەتوانن فشار لەسەر ھەرێمی کوردستان دروست بکەن و ئاماژەکان وا نیشان دەدەن، کە ئەمەریکا دەیەوێت سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق لە پۆستەکەی بەردەوام بێت، بەڵام گەر بەم شێوەیە ئامادەی گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێم نەبێت، ئەوکات ڕای ئەمەریکاش لەسەری دەگۆڕێت.''
لەبارەی خاڵی دووەمیشەوە گوتی: ''خاڵێکی دیکە ئەوەیە حکوومەتی عێراق خۆی لە قەیرانی داراییدایە و توانای داراییی لاوازە، بۆیە ڕەنگە توانای نەبێت بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان دابین بکات و کێشەی داراییی ھەیە و، ڕەنگە ئەمەش وای کردبێت کە دانوستان نەکرێت و ڕەنگە ئەوان تا ھەڵبژاردن تەواو دەبێت بەو شێوە بەردەوام بن، بەڵام لە دوای ئەوکاتەوە پێداچوونەوە بە خەرجیی خۆیاندا دەکەن، بە شێوەیەکی گشتی، چونکە فشاری زۆری ئابوورییان لەسەرە.''
لەبارەی ڕای کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشەوە ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونی کردەوە: ''ئەگەر ئەمەریکا بە جیددی بێتە سەر خەت و لەگەڵ فشارەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا فشار لە عێراق بکەن، ئەوکات بەغدا ناچار دەبێت ئامادەی دانوستان بێت، لە داھاتوودا ئەو گۆرانکارییە لە ھەڵوێستی ئەمەریکادا دەبێت و بەو شێوەیە بەردەوام نابێت.''
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ماموستاکەی زانکۆ باسی لەوە کرد: ''نەبوونی یەک ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی نێوخۆی ھەرێمی کوردستانیش بووەتە فاکتەرێک بۆ حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی ئامادەی دانوستان نەبێت، چونکە یەکھەڵوێستنەبوونی لایەنەکان لە بەرژوەندیی حکوومەتی عێراق و لە بەرژوەندیی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا نییە.''
kdp -
