تورکیا و ھەرێم دوو پڕۆژەی ئاودێری دروست دەکەن
(محەمەد ئەمین فارس)، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ئاو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە وەک لیژنەی باڵای ئاو کە لە ھەرچوار وڵاتی عێراق و ئێران و تورکیا و ھەرێمی کوردستان پێک ھاتووە، بۆ ماوەی دوو ڕۆژە لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لەبارەی کێشەکانی ئاو کۆ دەبینەوە، لە کۆبونەوەکاندا بەگشتی دەربارەی کێشەی ئاو و سەرچاوەکانی ئاو کە ھاوبەشە لە نێوان ھەرچوار وڵاتدا قسە و باس کرا، بەتایبەتی دروستکردنی بەنداوی ئەلیسو لەسەر ڕووباری دیجلە، کە لە لایەن تورکیاوە دروست دەکرێت و کاریگەریی لەسەر ھاتنی ئاو بۆ نێو ھەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت.''
لیژنەی باڵای ئاو بەردەوام ھەر جارە و لە وڵاتێک لەبارەی پرسەکانی ئاو کۆ دەبێتەوە و لەو ڕێگەیەوە کێشەکانی ئاو دەخرێنە ڕوو، بەتایبەتی ھاتنی ئاو لەو سەرچاوانەی لە ھەردوو وڵاتی تورکیا و ئێرانەوە دەرژێنە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان و عێراق.
(محەمەد ئەمین فارس) دەشڵێت: ''ئەوەی لەو کۆبونەوانەی ئەم جارەدا زۆر گرنگ بوو، دروستکردنی دوو پڕۆژەی گەورەی ئاودێری و بەنداوە لەسەر ڕووبارە ھاوبەشەکان، کە دەکەونە سنووری ھەرێمی کوردستان لە قەزای مێرگەسۆر و، بڕیار درا بە ھاوبەشی ھەردوو پڕۆژەکە ئەنجام بدرێن و لە کاتێکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت.''
kdp -
