لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان: دۆخی سلێمانی و ڕاپەڕین بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت

 	 لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان: دۆخی سلێمانی و ڕاپەڕین بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت
سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، ڕەوشی ئەو ناوچانەی خۆپێشاندانیان تێدا بەڕێوە چوو خەریکە بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە و کۆتایی بە توندوتیژی ھاتووە..دەشڵێ، یەکە ئیدارییەکان و دادگاکان لێکۆڵینەوە لەبارەی زیانی بشێوییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو و ئەنجامدەرانی دەکەن.

(ئەیوب عەبدوڵڵا)، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''چەند ڕۆژێکە لەگەڵ دەزگە ئەمنی و ئیدارییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین و قەزای کۆیە خەریکی ھێورکردنەوەی ڕەوشەکەین و دوای بەدواداچوون و ھەوڵەکان توانیمان تا ڕاددەیەک ڕەوشی ئەو ناوچانەی خۆپێشاندانیان تێدا بەڕێوە چوو ھێور بکەینەوە و زۆرینەی ئەو کەسانەیشی لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرابوون، ئازاد کراون.''

سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئێستا ڕەوشەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و خەڵک دەگەڕێتەوە سەر کار و کەسابەتی خۆی، ئەو ڕەوشە ئەمنییەی ھێنانی ھێز بۆ ناو شارەکان کەمتر بووتەوە و دەتوانم بڵێم بەشێوەیەکی گشتی دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوەی تەواو دەچێت و توندوتیژییەکان کۆتاییان هات.''

لەبارەی قەرەبووکردنەوەی شوێنە زیانلێکەوتووەکان و بەسزاگەیاندنی بکەرانی نانەوەی بشێوی، (ئەیوب عەبدوڵڵا) دەڵێت: ''ئەوەی لەسەر ئێمە بوو، وەک لیژنەی ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمان، ھێورکردنەوەی ڕەوشەکە و کەمکردنەوەی توندوتیژی بوو، بەڵام پرسی پێکھێنانی لیژنە ئەرکی دەزگە ئیدارییەکانی ناوچەکەیە، وەک دادگا و پارێزگار و قایمقام، کە ھەریەکە و لە سنووری خۆیان لێکۆڵینەوە دەکەن، تا بزانن چ زیانێکی ھەبووە و چۆن مامەڵە لەگەل ئەنجامدەرانیدا بکەن.''
kdp -
Top