مەحمود سەنگاوی پیلانێكى نوێی سوپاى عێراق دژ به‌ هه‌رێمى كوردستان ئاشكرا ده‌كات

 مەحمود سەنگاوی پیلانێكى نوێی سوپاى عێراق دژ به‌ هه‌رێمى كوردستان ئاشكرا ده‌كات
فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕایگەیاند، سوپای عێراق بەپاساوی بوونی چەکردارەکانی داعس ھەوڵی دا بۆ ناوچەکانی کەلار و گەرمیان، لەشکرکێشی بکات، بەڵام ڕێگەیان پێنه‌داون. جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ هاتنى هێزى یعَراق بۆ ئه‌و ناوچانه‌، پیلانێكى نوێیه‌.

مەحمود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕايگه‌یاند: "ئەمڕۆ سوپای عێراق، ھەوڵیدا بۆ ناوچەکانی کەلار و گەرمیان لەشکرکێشی بکات و ئەو ناوچانه‌ داگیر بكات کە پێش ساڵی 2003 چۆڵی کردبوو، ئاگادارمان کردنەوە کە ڕازی نابین لەو شوێنانە ھێزەکانیان جێگیر بکەن و پێشڕه‌وی بكه‌ن".

هه‌روه‌ها، گوتیشی:"له‌گه‌ڵیاندا كۆبووینه‌وه‌ و پێیان ڕاگه‌یاندین، کە ئەو ناوچانە داعشیان تێدایه‌ و ئێمە ھەوڵی پاراستنی دەدەین، بەڵام ئێمە ئاگادارمان کردنەوە ھەموو بەرپرسیاریەتییەکی داعش دەخەینە ئەستۆی خۆمان و ھێزی پێشمەرگە ئەو نەوچانە ده‌پارێزن".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ بەھیچ شێوەیەک ڕێگه‌ ناده‌ن، سوپای عێراق و میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى، ھێزی خۆیان ڕەوانەی ئەو ناوچانە بکه‌ن، گوتیشی: "چەندین ساڵە پێشمەرگە ئەو ناوچانەی بەخوێن پاراستووە، ئێستا چۆن قه‌بوڵی دەکەین، ئەو ناوچانەی خۆمان سوپای عێراق کۆنتڕۆڵیان بکات".

مەحمود سەنگاوی، باسی لەوەشکرد، ئەگەر سوپای عێراق بیەوێت ھێز بەرەو کەلار و گەرمیان ڕه‌وانه‌ بكات، ئەوە پیلانێکە و دژی ھێزی پێشمەرگە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەرپادەکرێت، بەڵام ئێمە ھیچ کات ئەوە قبوڵ ناکەین، گوتیشی: "سوپای عێراق، ده‌توانێت تا ناوچه‌ى (قەرەبڵاخ) هێز بنێرێت، چونکە ساڵی 2003 لەو ناوچەیە بوون".









باسنيوز
Top