تائێستا وەزیری کۆچ و کۆچبەران ناسنامەی بۆ ئاوارەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دروست نەکردووە
شەلال عەبدول، قایمقامی شەرعی خورماتوو، ڕايگەیاند: "ئێستا بارودۆخی ئاوارەکانی خورماتوو بەگشتی و بەتایبەت ئەوانەی ئاوارەی سنووری گەرمیانن، زۆر خراپە و پێویستیان بە ھاوکاری و بەدەمەوە ھاتنی زۆر ھەیە، تائێستاش ناسنامەی ئاوارەیی و مینحەی ئاوارەییان کە بڕی ملیۆنێک دینارە، لەلایەن وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە نەکراوە".
قایمقامی شەرعی خورماتوو، جەختیشی لەوە کردەوە، کە پێشتریش داوای مینحەیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پلانی دروستکردنی کەمپێکیان لە ناوچەی داودە لە سنووری ئیداری گەرمیان بۆ ئاوارەکانی خوماتوو بە وەزارەتی کۆچ داوە، بەڵام تائێستا ئەو پلانە جێبەجێ نەکراوە.
شەلال عەبدول، ئەوەشی روون کردەوە، کە دەبوو وەزیری کۆچ و کۆچبەران، سۆزی زیاتر بۆ ئاوارەکانی خورماتوو ھەبوایە، چونکە دۆخی ئەوان لە ناکاو بوو و لە پڕ تووش بوون.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنيوز
