باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی ھۆشداریی توندی داوەتە گۆڕان
بەپێی زانیارییەکان، لەسەر ھێرشەکانی KNN بۆ سەر یەکێتی لە چەند رۆژی رابردوو، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی ھۆشداریی توندی داوەتە گۆڕان و نێوانی ئەو دوو ھێزە لە سلێمانی نزیک بووەتەوە لە بەیەکدادان.
بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کە تایبەت بووە بە ئەنجامدانی پشێوی و مەترسییەکانی سەر کوردستان، لەلایەن یەکێتییەوە حاکم قادر حەمەجان ئەندامی مەکتەبی سیاسی ڕاسپێرداراوە لەسەر ئەو بارودۆخەی ھاتووەتە پێشەوە لە سلێمانی ھۆشداری بداتە بزووتنەوەی گۆڕان.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە لای خۆشیانەوە حاکم قادر سەرجەم بەڵگەنامە و ڤیدیۆکانی بردووە بۆ لای ئەندامانی خانەی ڕاپەراندنی بزووتنەوەی گۆڕان و نیشانی داون کە دەستی ھەڵسوڕاوان لەو ئاڵۆزیانەدا ھەیە و داوای لێ کردون ئەو کەسانە رابگرن، ئەگەر نا ناچار دەبن لەڕێگەی دادگاوە ئەو تۆمەتانەیان بەسەردا ساغ بکەنەوە و زیندانیان بکەن.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، یەکێک لە بەڵگەنامەکان کە تایبەتە بە ڕووداوەکانی شاری کۆیە دەیسەلمێنێت کە شەش لە ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان سەرەڕای ئەوەی کە چەند ڕۆژێک پێش ئەوە لەلایەن قایمقامیەتی کۆیەوە بەڵێنامەیان پێ پڕکراوەتەوە کە پشێوی نەنێنەوە، بەڵام دواتر ھێرشیان کردووەتە سەر بارەگا حزبی و گشتییەکان لە کۆیە و سووتاندویانن، کە لە بەڵگە ڤیدیۆکەشدا ئەوە دەردەکەوێت دوای سووتاندنی بارەگا و شوێنە حکوومییەکان ھەر خۆیان باس لەوە دەکەن بۆ ئەوەی گومانیان لێ نەکرێت، پێویستە بارەگای گۆڕانیش بسووتێنن.
لەلایەکی دیکەشەوە، ھەر بەپێی زانیارییەکان، کە لە سەرچاوەی ئاگەدار لە ناوخۆی گۆڕانەوە بە (باس) دراون، گۆڕان دەیەوێ لەم قۆناغەدا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ ھەڵبژاردنەکانی کوردستان و داپۆشینی کێشە ناوخۆییەکانی و سەرقاڵکردنی ھەڵسوڕاوانی بە ململانێی دەرەکییەوە، ئەو قۆناغە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی تێپەڕێنێت.
بەپێی زانیارییەکان، کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان لە لێواری تەقینەوەدا بوون، کاتێک گۆڕان بۆ داپۆشینی کێشەکانی بڕیاری کشانەوەی لە حکوومەت و ھەڵپەساردنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی داوە.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، بەتەواوی داھاتی گۆڕانیان خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و ئێستاش ماوەی سێ مانگە کارمەندانی میدیای گۆڕان مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەوەش ناڕەزایی زۆری لەناو گۆڕاندا دروست کردووە، تا ئاستی ئەوەی باڵێکیی گۆڕان داوای کردووە لە جڤاتی گۆڕاندا پرسی داھاتی گۆڕان و موڵکەکانی یەکلا بکریتەوە و لەژێر دەستی بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا بھێنرێتە دەرەوە، بەو ھۆیەوە جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە باشی زانیوە، لەم قۆناغەدا بۆ بردنە دەرەوەی ئەو کێشانەی ناوخۆیان و پرسی ھەڵبژاردنی کوردستان، لە حکوومەت بکشێنەوە و رێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتییش ھەڵپەسێرن، تا لەلایەک کێشەکانیان داپۆشن و لەلاکەی دیکەش بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بتوانن سوود لە دەنگە ناڕازییەکانی ناو یەکێتی وەربگرن و ھێرش بکەنە سەری، بەڵام ئەو بڕیارەی گۆڕان بۆ ھەڵپەساردنی رێککەوتنەکە و ئەو ھێرشەی کە دەکرێتە سەری لەلایەن میدیای گۆڕانەوە، ناڕەزایی توندی ناوخۆی یەکێتی لێ کەوتووەتەوە، بەتایبەتی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، کە ئێستا دەیانەوێ پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕان وەربگرنەوە، کە گۆڕان بەھۆی ئەو رێککەوتنەی ھەڵیپەساردووە، پۆستی پارێزگاری سلێمانیی پێ دراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو باڵەی یەکێتی بەنیازە لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیی یەکێتیدا بڕیار لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕان بدات، چونکە ترسی ھەیە گۆڕان لەم قۆناغەدا بۆ کۆکردنەوەی دەنگی خەڵکی سلێمانی بۆ ھەڵبژاردن، سوود لە بەدەستھێنانی ئەو پۆستە وەربگرێت و دۆخی سلێمانی ھێندەی دیکە ئاڵۆزتر بکات.
ھەفتەی رابردوو بزووتنەوەی گۆڕان، کارکردنی بە رێککەوتنی سیاسیی خۆی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ھەڵپەسارد.
محەمەد عەبدولوەھاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان، بۆ (باس) ڕای گەیاند، حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی و حکوومەتی ھەرێم دوو بابەتی جیاوازن، کە بەرکەوتە و ئیستیحقاقی دوو ھەڵبژاردنی جیاوازن.
گوتیشی: “ئەگەر یەکێتی لەو رەفتارانەی بۆ سەر خۆپیشاندەران بەردەوام بێت، ئەوە ئەگەری کشانەوەمان لە حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی کراوەیە”.
گۆڕان دوازدە کورسیی ھەیە لە پارێزگای سلێمانی و بەپێی رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەم ماوەیەدا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر ھەڵبژاردنی پارێزگاکان پێی دراوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە فراکسیۆنی گۆڕان گوتیشی: "حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی بەرەنجامی ڕێککەوتنێکی دیکەیە لەگەڵ یەکێتی، ئەو رێککەوتنە پەیوەندیی بە رێککەوتنەکەی دیکەوە نییە، ھەر لەسەر ئەو بنەمایە حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی و ھەڵەبجە دامەزراوە".
بەڵام ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەگەر رێککەوتنی دەباشانی نێوانیان لەگەڵ گۆڕان نەبوایە، ھەرگیز گۆڕان نەیدەتوانی ببێتە خاوەنی ئەو پۆستە، ئێستاش کە بڕیاری ھەڵپەساردنی رێککەوتنەکەی داوە و ھێرشی توند دەکاتە سەر یەکێتی، ئەوە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی لەسەر ئەوە دەکرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
ھەر لەلایەنی یەکێتیەوە، عومەر شێخ لەتیف، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی بۆ (باس) رای گەیاند، پۆستی پارێزگار پەیوەندیی بە رێککەوتنەکانی یەکێتی و گۆڕانەوە ھەیە، لە چوارچێوەی دروستکردنی حکوومەتی خۆجێیی، گوتی: “لە دۆخێکدا ئەگەر گۆڕان لە حکوومەتی خۆجێییەکاندا بمێنێتەوە، بەرنامەی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستەمان نییە”.
بەڵام، مەحمود ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، بە (باس)ی ڕاگەیاند، ئەگەر توندوتیژییەکان بەردەوام بن، پێویستە بزووتنەوەی گۆڕان بەفەرمی لە حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی بکشێتەوە و ھیچ پۆستێکی حکوومیی نەمێنێت، تا ئەوکاتەی ھەڵبژاردن دەکرێت، چونکە ناکرێ گۆڕان لە حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی دەسەڵاتی ھەبێت، بەڵام نەتوانێت لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا ڕێگری لە توندوتیژییەکان بکات.
لای خۆشیانەوە، عەباس فەتاح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندوە: "مادام گۆڕان بڕیاری داوە لە حکوومەت بکشێتەوە، ئیتر تێناگەین چۆن پۆستی پارێزگاری سلێمانیی دەوێت کە یەکێکە لە پۆستە باڵاکانی حکوومەت؟".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "کاتێک بوویت بە ئۆپۆزسیۆن، دەبێ لە ھەموو جومگەکان ئۆپۆزسیۆن بیت، ئەم وڵاتەی ئێمە جۆرەھا ڕێککەوتنی تێدایە، بۆیە دەکرێ گۆڕان خۆی لەبارەی مانەوەی لە ئیدارەی سلێمانی وەڵام بداتەوە“.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتی کردەوە: ”ئەسڵی پرسەکە ئەوەیە، دەبێ گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بێت، ناکرێ لە پارێزگایەک ئۆپۆزسیۆن بێت و لە قەزایەک دەسەڵات“.
ھەفتەی ڕابردوو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان، ژمارەیەک لە ھاووڵاتییان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، بەڵام خۆپیشاندانەکان توندوتیژییان لێ کەوتەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک بارەگای حکوومی و حزبی سووتێندران و دەیان کەسیش بوونە قوربانی، بە بریندار و کوژراوەوە.
باسنیوز
