پەرلەمانتارێکی پارتی: بە هیچ شێوەیەك هێزی پێشمەرگە ناخرێتە ژێر دەسەڵاتی عەبادییەوە
ئەندامێكی لێژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناخرێتە ژێر دەسەڵاتی عەبادییەوە، چونكە لە بنەڕەتدا پێشمەرگە بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان دروست بووە، نەك خەڵکی عێراق.
شاخەوان عەبدوەڵا، ئەندامی لێژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی ڕاگەیاند: "هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دەستووری عێراقدا وا پێناسە كراوە، كە بەشێكە لە پاراستنی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێستا دەیانەوێت ئیدارەدان و جووڵەی بخەنە ژێر دەسەڵاتی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئیتر ئەوكات چۆنیان بوێت ئاوا كورد و عەرەبی سوننەی پێ بكوژن و ئەوەش بەلای ئێمەوە ئەستەمە و بە هیچ شێوەیەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناخرێتە ژێر دەسەڵاتی عەبادییەوە، چونكە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان دروست بووە، نەك خەڵكی عێراق".
ئەندامەكەی لێژنەی ئەمنیی عێراق دەشڵێت: "نازانم كورد بۆ مەرج لە عەبادی وەردەگرێ و بۆ خۆی مەرج لەسەر عەبادی دانانێت، چونكە بەس گەندەڵییەكانی ناوخۆی نەهێڵێت، دەتوانێت مووچەی خۆی دابین بكات و سەرلەنوێ لەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە، هەروەها شوڕشێکیش بۆ ڕزگاركردنی ناوچە داگیركراوەكان دەست پێ بكات، بۆیە كورد ناچاری عەبادی نییە".
bas news-
