پەرلەمانی کوردستان کار لەسەر ئامادەکردنی راپۆرتێک لە بارەی پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی دەکات
زیاد حوسێن، ئەندامی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: "لە دواھەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان پێکھێنرا، بۆ ئەوەی بەوردی راپۆرتێک ئامادە بکەن سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی میلشیاکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە کەرکووک و خورماتوو".
ئەو پەرلەمانتارە، گوتیشی: "حەشدی شەعبی کردەوەی زۆر قێزەونی دژ بە ھاووڵاتییانی خورماتوو ئەنجام داوە، کە ڕەنگە ئێستا جێگەی گوتن نەبێت کە ھەندێک لەو پێشێلکاریانە بخرێتەڕوو، ئەو میلیشیایانە دەستیان لە تەقاندنەوە و سووتاندنی دەیان خانووی ھاووڵاتییانی کوردی خورماتوو ھەیە".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
bas news-
