ئه‌شواق جاف: سڕینه‌وه‌ی نووسینی كوردی له‌سه‌ر فۆرمی خۆراك پێشێلكارییه‌كی زه‌قی ده‌ستووره‌

ئه‌شواق جاف: سڕینه‌وه‌ی نووسینی كوردی له‌سه‌ر فۆرمی خۆراك پێشێلكارییه‌كی زه‌قی ده‌ستووره‌
ئەمڕۆ دووشەممە ئه‌شواق جاف په‌رله‌مانتاری عێراق له‌سه‌ر لیستی زه‌رد رایگه‌یاند پێشێلكارییه‌كانی حكومه‌تی عێراق تا دێت زیاتر ده‌بێت، ئه‌وه‌ی له‌و دواییه‌دا بینرا له‌سه‌ر فۆرمی خۆراك، نووسینی كوردیان لابردووه‌، ئه‌وه‌ پێشێلكارییه‌كی زه‌قی ده‌ستووره‌.


جاف لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان، ئاماژەی داوە كە لە دەستووی عێراقدا هاتووه‌ پێویسته‌ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی له‌سه‌ر هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌ و دیكیۆمێنته‌كان و په‌راوه‌ فه‌رمییه‌كانی عێراقدا هه‌بێت، ئێستەش كه‌ زمانی كوردی لادراوه‌، ده‌ستوور پشتگوێ خراوه‌.


ئه‌شواق جاف حكومه‌تی عێراق و وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ دانی كۆمه‌ڵێك بریاری سیاسی ناده‌ستووری و راشیگه‌یاند سڕینه‌وه‌ی نووسینی كوردی له‌سه‌ر فۆرمی خۆراك به‌شێكه‌ له‌و پرۆگرامه‌ سیاسییه‌ پیلان بۆ دانراوه‌ی حكومه‌تی عێراق و به‌رده‌وامبوونه‌ له‌و پێشێلكاریه‌ زه‌ق و روونه‌ی سه‌رانی عێراق بۆ سه‌ركوتكردنى كوردستان گرتوویانه‌ته‌ به‌ر.


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ راشیگه‌یاند رێگه‌چاره‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سكاڵایه‌، پێویسته‌ ئێمه‌ له‌ مه‌حكه‌مه‌ی نیشتیمانی سكاڵا تۆمار بكه‌ین .
bas news-
Top