بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران: بەغدا ھاوكاریی ئاوارەكانی كەركووك و خورماتوو ناكات

 	 بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران: بەغدا ھاوكاریی ئاوارەكانی كەركووك و خورماتوو ناكات
بەڕێوەبەری گشتیی كۆچ و كۆچبەران ڕایگەیاند، حكوومەتی عێراق ئامادە نییە ھاوكاریی ئاوارەكانی كەركووك و خورماتوو بكات و دەشڵێ، بڕیارە شاندێكی حكوومەتی عێراق بۆ پرسی ئاوارەكان سەردانی كوردستان بكات، چونكە عێراق جیاوازی لە نێوان ئاوارەكاندا دەكات و ئەوەی لە ٢٠١٤ـدا بۆ ئاوارەكان دەكرا، بۆ ئاوارەكانی كورد نایكات.

(شاكر یاسین)، بەڕێوەبەری گشتیی كۆچ و كۆچبەرانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا سەردانی ھەرێمی كوردستانی كردووە لە بەغداوە و پرسی ئاوارەكانی دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەر دانوستانی لە بارەوە كراوە، كە حكوومەتی عێراق سەرەڕای رێككەوتن و لێكتێگەییشتن، وەك پێویست ھاوكاریی ئاوارەكانی كەركووك و خورماتوو و ھەتا دەگاتە دەشتی نەینەوایش ناكات، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ھاوكار نین، بەڵام بڕیارە شاندێكی حكوومەتی بەغدا سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات بۆ پرسی ئاوارەكانی دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەر، وەلێ تا چ رادەیەك بەغدا پابەندی ناردنی ھاوكارییەكان دەبێت، ئەوە جێگەی گومانە".

بەڕێوەبەری گشتیی كۆچ و كۆچبەران ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، "حكوومەتی عێراق گوشاری خستووەتە سەر ئاوارەكان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، چونكە عێراق بڕیاری داوە ھەر فەرمانبەرێكی ئاوارە لە ماوەی مانگێكدا نەگەڕێتەوە، مووچەكەی دەبڕدرێت و ھیچ ھاوكارییەكی پێشكەش ناكرێت".

وەك (یاسین) گوتی، "بەغدا جیاوازی لە نێوان ئاوارەكاندا دەكات، چونكە لە ساڵی ٢٠١٤ـدا بوودجەیەكی تایبەتی بۆ ئاوارەكانی خۆی تەرخان كردبوو تا لەو رێگەیەوە كەمپ و خەرجیی ئاوارەكان دابین بكرێت، ھەروەھا كارتی زیرەك بە ئاوارەكان دەدرا و مانگانە بڕی ملیۆنێك دینار بۆ ھەر خێزانێك خەرج دەكرا تا پێداویستیی خۆی دابین بكات، ھەروەھا مووچەی ئاوارەكان خەرج دەكرا بێ ئەوەی دەوام بكەن، لەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە جیاوزیی زۆر دەكرێت".
kdp-
Top