كورد و سوننە زیانباری سەرەكیی ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەبن

كورد و سوننە زیانباری سەرەكیی ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەبن
ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی دابێی عێراق لەسەر كوردستان مەترسیدارترە لەوەی رابردوو. سەرۆکی لیستی برایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، ئەو دۆخەی كەركووك و ناوچەكانی ماددەی ۱٤٠ـی تێدایە، ھیچ دەرفەتێكی بۆ ئەوە نەھێشتووەتەوە كورد كورسی بە دەست بھێنێت، بەڵكوو زەحمەتە بتوانرێت پاڵێوراویشیان ھەبێ.

ھەر لایەنێكی سیاسیی عێراق دەیەوێ بە شێوازێك سوود لە كارتی ھاوپەیمانیبوون یان دژایەتیكردنی كورد وەربگرێت بۆ مسۆگەركردنی دەنگی زیاتر و پۆستی سەرۆكوەزیرانی دابێی عێراق بە تایبەت، زیاتر لە ھەمووانیش (مالیكی) سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق دەیەوێت سوود لە ناكۆكیی نێوان كورد و (عەبادی) وەربگرێـت و خۆی لە كورد نزیك بكاتەوە.

فرتوفێڵێكی زۆر دەكرێت
كەمتر لە شەش مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق، بەڵام دۆخی عێراق گونجاو نییە. ئەندامێكی ئەنجوومەی پارێزگای كەركووك پێی وایە، ھەڵبژاردن نەكرێت باشە، لەبەر ئەوەی ئەم خەڵكەی ئاوارە بوونە ناتوانن بەشداری ھەڵبژاردنەكان بن.

(محەممەد كەمال) سەرۆکی لیستی برایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "حەشدی شەعبی و شیعە لە ناوچە سوننەكان ناھێڵن ئاوارەكانی سوننە بگەڕێنەوە، بۆ ھەرێمی كوردستانیش سەدا پەنجای خەڵكەكەی ئاوارەن و لە شوێنی خۆیان نین، كاتێك خەڵكیش لە جێگا و ڕێگای خۆی نەبێت فرتوفێڵێكی زۆر دەكرێت و شوێنی دەنگە چۆڵەكان شیعە پڕیان دەكاتەوە، بۆیە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی دابێی عێراق لەسەر كوردستان مەترسیدار دەبێت".

سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، لە كۆنفڕانسی ٢١/١٢/٢٠١٧ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "نزیكەی ملیۆنێك و ٥٠٠ ھەزار ئاوارەی عێراق لە ھەرێمی كوردستان ماون".

(كەمال) دەڵێت، "ئەو دۆخەی كەركووك و ناوچەكانی ماددەی ۱٤٠ـی تێدانە، ھیچ دەرفەتێكی بۆ ئەوە نەھێشتووەتەوە كە كورد كورسیی تێدا بە دەست بھێنێت، بگرە زەحمەتە بتوانرێت لەو ناوچانە كورد بەشداری لە ھەڵبژاردندا بكات و پاڵێوراویان ھەبێ، هەڵبژاردنی ڕابردوویش لە كەركووك كورد ۸ كورسیی ھەبوو، بەڵام ئەگەر وا بڕوات ئەمجارە لە دەستی دەدات".

سەرۆکی لیستی برایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی، "(عەبادی) خۆی وا دەردەخات كە سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر داعشدا بە دەست ھێناوە و زۆرینەی شیعەكان دەنگی پێ دەدەن، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە و ئەگەر ھەڵبژاردنیش بكرێت (عەبادی) نابێتەوە بە سەرۆكوەزیران، بەڵكوو (ھادی عامری) سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر، بۆ ھەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق چانسی لە ھەموویان زیاترە."

عێراق لە بارودۆخێكی نەگونجاودایە
لە ١٦ـی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، ھێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی ھێرشیان كردە سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و داگیریان كردن، بەو ھۆیەیشەوە كوردەكان ئاوارە بوون و ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد."

هەر پێوەست بەم پرسە، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم (نەسرەددین سندی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "تا ئێستا بڕیار وایە ھەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراودا ئەنجام بدرێت، بەڵام ھەموو شتێك پێشبینیكراوە، بۆی ھەیە ھەر نەكرێت، چونكە عێراق لە بارودۆخێكی نەگونجاودایە."

وەك (سندی) دەڵێت، "سوننە زیانباری یەكەم دەبێت و لە دوای سوننە بارودۆخەكە بۆ كوردیش لەبار نییە، چونكە تەواوی ناوچەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ لەژێر دەستی عێراقدان و كوردەكان لە ناوچەی خۆیان نەماون، بگرە ناتوانن بەشداریی ھەڵبژاردنەكانیش بكەن، بەڵام (عەبادی) دەیەوێت ھەرچیی زووترە ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێـت و سوود لەو بارودۆخەی كورد تێی كەوتووە ببینێت، پێش ئەوەی ئاوارەی ناوچە سوننەكانیش بگەڕێنەوە، چونكە لە ئێستادا ھەولێر ھیچ بنەمایەكی شەراكەتی لەگەڵ بەغدا تێدا نەماوە، ئەوەیش ھۆكارێكە بۆ ئەوەی (عەبادی) نەیەوێ گفوگۆ لەگەڵ ھەرێم بكات."

لە كۆبوونەوەی رۆژی ١٩ـی ١٢ـی ٢٠١٧ـدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی ١٢ـی ٥ـی ٢٠١٧ـی پەسند كرد بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق پێكەوە بەڕێوە بچن.
kdp-
Top