عەلی عەونی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشاری خستووەتە سەر بەغدا

عەلی عەونی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشاری خستووەتە سەر بەغدا
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دەڵێ: ئێمە داوای گفتوگۆ و ئاشتی دەكەین، بەغدا داوای شەڕ دەكات، هەر ئەوەش وای كردووە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئێمە بەجواب بێت و لە جیاتی ئەوەی فشار بخەنە سەر كوردستان، فشار دەخەنە سەر عێراق، بۆ ئەوەی لەگەڵ كوردستان دەست بە گفتوگۆ و دانوستاندن بكات بۆ چارەكردنی كێشەكان.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان دستپێشخەریی دانوستانی لەگەڵ بەغدا کردووە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كە وڵاتانی جیهان پێشوازی لەو پەیامەی حكوومەت بكەن و دوای ئەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆژ بە ڕۆژ فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی لەگەڵ كورد گفتوگۆ بكات و بە گفتوگۆ و لێك‌تێگەیشتن چارەی كێشەكان بكەن، بەڵام تا ئێستا بەغدا سوورە لەسەر هەڵوێستەكانی خۆی و ڕۆژ بە ڕۆژ دژایەتیی هەرێم دەكات و هەڕەشە دەكات و ئامادە نییە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم گفتوگۆ بكات بۆ چارەكردنی كێشەكان.

(عەلی عەونی)، بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''دەستی حكوومەتی عێراق و حكوومەتی ئێران لە ناو خۆپیشاندانەكانی سلێمانیدایە، ئەوان دەیانەوێت ئەو ململانێیەیە بگەیەننە ڕاددەیەك كە حكوومەتی عێراق بێت و بڵێ فەوزایە ئێمە دەچین كۆنتڕۆڵی فەوزا دەكەین، دەستوور دەگۆڕین و هەرێمی كوردستانمان ناوێت، ئەوانە پارێزگاكانی عێراقن و چی دیكە شتێك نەماوە بە ناوی هەرێمی كوردستان.''

بەرپرسی لقی 10ی پارتی ڕوونیشی كردەوە: ''(حەیدەر عەبادی) بە دەستی خۆی نییە، هەر ئەوەش وای كردووە كە لەگەڵ كورد گفتوگۆ نەكات، بەڵكو لە بن ئەمر و فەرمانەكانی ئێراندایە، لە بن ئەمری مەرجعی شیعەدایە لە نەجەف، هەردوو لاش كۆكن لەسەر ئەوەی كە چەند بتوانن ئەوەندە فشار بخەنە سەر هەرێمی كوردستان باشترە، سەرۆكی كام وڵاتە حەز نەكات ئارامی و ئاشتی لەناو وڵاتی ئەودا دروست بێت، كە ئێمە داوای گفتوگۆ و ئاشتی دەكەین، (حەیدەر عەبادی) داوای شەڕ دەكات، غروور گرتوویەتی، بیر دەكاتەوە كە سەركەوتوو بووە، دەڵێن با بەردەوام بین تا هەرێمی كوردستان نەمێنێت، هەوڵ دەدەن ئەو دەرگایانەی كە ئێستا بۆ هەرێمی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی بوونەتەوە، دایبخەن، چونکە دەبینن کە ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی ناچار بە دانوستانی بکەن.''

kdp-
Top