بوخاری عەبدوڵڵا: عەبادی لە ترسی هەڵبژاردن دەست بۆ دانوستان درێژ ناکات
لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بەغدا بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نییە، دانوستان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات و ھەرجارە و بیانووەک دەدۆزێتەوە، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی ھەرێم ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان دەربڕیووە و، وڵاتانیش پشتگیری لەو ھەوڵەی حکوومەتی ھەرێم دەکەن، بەڵام وەک چاودێران باسی لێوە دەکەن، سەرۆکوەزیران غروور بووە و ئامادەی گفتوگۆ نییە.
لەبارەی ھۆکاری دەستپێنەکردنی دانوستانەکان و ئامادەنەبوونی بەغدا بۆ دانوستان، (د. بوخاری عەبدوڵڵا)، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەند ھۆکارێک ھەیە کە بەغدا ئامادەی گفتووگۆ نییە، لەوانە وا حیساب دەکات ئەوان بەھێزن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە پشتی ئەوانە و ھێزیان ھەیە و چەندی لە دەستیان بێت، دۆخی ھەرێم بشێوێنن و کیانی فیدراڵیی ھەرێم نەھێڵن، کە ناتوانن ئەمە بکەن و جگە لەوەش، ھیچ لایەنێکی عێراق ناوێرێت خۆی لە ھەرێم نزیک بکاتەوە، بە ھۆی ئەوەی ھەڵبژاردن نزیک بووەتەوە و پێیان وایە ئەوەی لە ھەرێم دوور بێت، دەنگی زیاتر بەدەست دێنێت، بۆیە لە ھەرێم نزیک نابنەوە .
لەبارەی چارەکردنی کێشەکانەوە، (د. بوخاری عەبدوڵڵا) گوتی: ''ئەگەر ئێمە لە نێوخۆماندا کێشەکان چارە بکەین و یەکڕیز بین، ئەمە زۆر گرنگە، چونکە ئەوکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ناچاری فشار بۆ سەر عێراق دێنێت، کە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بگەنە ڕێککەوتن و لە ڕێگەی ئاشتیانەوە کێشەکان چارەسەر بکەن، بۆیە یەکگرتووییی کورد لە ھەموو شتێک گرنگترە.''
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جۆرێک غروور بووە بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نییە گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێم بکات، ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی: ''سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جۆرێک غروور بووە، دەیەوێت چۆن ئەو بیەوێت، بەو جۆرە کێشەکان چارە بکرێن، نەک بە پێی دەستووری عێراق، کە پێویستە ببێتە بنەمای دانوستانەکان، بۆیە ئەمە یەکێکی دیکەیە لە کێشەکان و دەست لە کاروباری ھەرێم وەردەدات و نایەوێت بە ئاشتییانە کێشەکان چارەسەر بن و ھێز بەکار دێنێت دژی ھاووڵاتییانی ھەرێم، بۆ نموونە، دەیەوێت ھێز بۆ سنووری سلێمانی بجووڵێنێت بە ناوی پاراستنی ھاووڵاتییان، کە ئەمە زۆر مەترسیدارە.''
سەبارەت بە ڕۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش، (عەبدوڵڵا) باسی لەوە کرد: ''کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشار لەسەر بەغدا دروست دەکات، بەڵام دەیەوێت ھەردوولا بە دانوستان ڕازی بن، ئەوکات ناوبژیوانی بکات بۆ ئەوەی کێشەکان بە پێی دەستوور و لە ڕێگەی ئاشتییانەوە چارەسەر بکرێن.'
kdp-
