چاودێرێکی سیاسی: دەیانویست سیناریۆی سووریا لە کوردستان دووبارە بکەنەوە

چاودێرێکی سیاسی: دەیانویست سیناریۆی سووریا لە کوردستان دووبارە بکەنەوە
شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، خەڵکێک ھەبوو لە نێو خۆپێشاندانەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا دەیویست ئەوەی لە سووریا ڕووی داوە، بگوازرێتەوە ھەرێمی کوردستان. دەشڵێت، خۆپێشاندەران و ھاووڵاتییانی سلێمانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی دەستێک دەیەوێ بە مەبەست خۆپێشاندانەکان بە لاڕێدا بەڕێت.

(مەشخەل کەولوس)، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەوەی لە نێو خۆپێشاندانەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا بینیمان ئەجێندایەکی ئاشکرا هەبوو تا سیناریۆکانی سووریا لە ھەرێمی کوردستان دووبارە بکەنەوە، بە شێوەیەک کە دەیانویست ھێزی پێشمەرگەش بەرەو یاخیبوون بچێت، ئەوە ھەمان سیناریۆ بوو کە لە سەرەتای ئاژاوەکانی سووریادا جێبەجێ دەکران، خۆشبەختانە ئیستا ھەم خودی خۆپێشاندەران ھەم ھێزی پێشمەرگە و ھاووڵاتییان بەگشتی دژی ئەوەن ئەوەی لە سووریا و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی ڕووی دا، بگوازرێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.''

لەبارەی ڕەوشی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی و بەرقەراربوونی ئاسایشەوە، ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێ: ''لە ڕووی ئەمنییەوە ڕەوشەکە باشترە لە ڕۆژانی ڕابردوو تا ڕاددەیەک کۆنتڕۆڵ کراوە و بەرەو ھێوربوونەوە دەچێت، برادەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانیویانە بەسەر ڕەوشی ئەمنیدا زاڵ بن و کۆنتڕۆڵی ئەم دەڤەرە بکەن، دواتر لە چوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکان و ڕەوشی ئەمنیی سەقامگیردا ھاووڵاتییان دەتوانن داوای مافی خۆیان بکەن، چونکە ھەموومان ھاوڕاین لەسەر ئەوەی ھاووڵاتییان لە ڕەوشێکی دژواردا دەژین و نەبوونی مووچە و خزمەتگوزاری تەنگی پێ ھەڵچنیون.''

(مەشخەل کەولوسی) ئاماژەیشی دا: ''چالاکە مەدەنییەکان و ڕێکخەرانی خۆپێشاندانەکان توانییان خۆیان لەگەل ڕەوشەکە بگونجێنن و چالاکییەکانیان بە شێوازێکی دیکەی سەردەمیانە بەڕێوە دەبەن، ھەروەک ئەوەی دوێنێ لە کەلار بەڕێوە چوو، لەبەر ئەوەی بایکۆتی دەوام و داخستنی بازاڕ، ھەمووی ڕێکاری مەدەنین بۆ گەیاندنی داوکاریی خۆیان، بەپێچەوانەوە سووتانی بارەگا و نانەوەی بشێوی دەستی گێرەشێوینی لە پشتە، ئێمە دەریایەک خوێنمان ڕشتوە تا گەیشتووین بەم ئەزموونە، ئێستا چۆن بەھانە بدەینە دەست نەیاران بە ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە خەڵکێکی وەک (عەبادی) سوودمەند بێت.''
kdp-
Top