"ئەمەریکا بۆ پرسی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا لەسەر هێڵە"

بەرپرسێکی مەسیحییەکان دەڵێ، مەبەستی حەشدی شەعبی لە ئەنجامدانی پێشێلکاری بەرانبەر بە مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بۆ ئەوەیە کە ئەو ناوچانە چۆڵ بکەین و پێکھاتەیەکی دیکە بێتە شوێنی ئێمە، کە ئێمەش ئەمە بە ھیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمەریکا لەسەر خەتە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ئاگادار کراونەتەوە.

مەسیحییەکان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە لەوەتەی لە عێراق دەژین، ھەمیشە چەوسێندراونەتەوە و زوڵمیان لێ کراوە و ئاوارە بوون و ھەرێمی کوردستانیش بووەتە پەناگەیەک بۆ ئەوان و بە ئارامی لێی دەژین و ھەرێمی کوردستان بە شوێنی پێکەوەژیان دەزانن و بە پێی ئامارێکیش پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق ژمارەی مەسیحییەکان ملیۆنێک و٨٠٠ ھەزار کەس بووە، بەڵام ئێستا نزیکەی ٥٠٠ ھەزار کەس ماون، ئەوانەی دیکە بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە.

لەم بارەیەوە، (عامر حوزیران)، جێگری سەرۆکی پارتی بەیت نەھرەین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان ھەمیشە بووەتە پەناگە بۆ گەلی کلد و ئاشووری و گەلانی دیکەی وەکو عەرەب و تورکمان و پێکھاتەکانی دیکە، ئەوەی جێگەی داخە، دووەمین جارە گەلی مەسیحی تووشی ئاوارەیی و کوشتن و دەربەدەری دەبێت، یەکێک لەوانە دوای ڕژێمی بەعس، کە ئەوکات نزیکەی یەک ملیۆن مەسیحی لە بەغدا و باشووری عێراق ئاوارە بوون و دووەم جار بە ناوی داعش کە لە ساڵی ٢٠١٤وە بوو بەو ھۆیەشەوە، نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسی دیکەی مەسیحی ئاوارە بوون، لەم حاڵەتەش پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە و خزمەتیان کراوە.

لەبارەی پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا بەرامبەر بە مەسیحییەکان، (عامر حوزیران) گوتی: ''پێشێلکاریی حەشدی شەعبی بەرامبەر بە مەسیحییەکان بەردەوامە، نموونەش بۆ قسەکانی ئێمە، مووسڵ و دەوروبەری بە تەواوەتی ڕزگار کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا خەڵکی ئێمە ترسی گەڕانەوەیان ھەیە، ئەمەش بۆ ئەو پێشێلکارییانە دەگەرێتەوە، کە حەشدی شەعبی بەرامبەر بە خەڵکی ئێمە دەیکەن و ئازادی نییە و پرسی مەزھەبی و ئایینی لەوێ زاڵە، چونکە بە ھەموو شێوەیەک دژی ئێمە دەجووڵێنەوە، بۆیە ئەگەر دۆخەکە ئارام بێت بۆ ناگەڕێنەوە؟ لەبەر ئەوە، بێ گومان دەزانن دۆخەکە چۆنە، بۆیە ناگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.''

(خالید ئەلبێرت)، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە داواکاریی مەسیحییەکانمان گەیاندووەتە ھەموو وڵاتان، تەنانەت کۆشکی سپیش، لەبەر ئەوەی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر مەسیحییەکان دەکرێت، لە لایەن حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا و جگە لەوە، چەندین جار حکوومەتی عێراق و خودی سەرۆکوەزیرانمان لێ ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ئەوان مەبەستی دیکەیان لەوکارە ھەیە، ئەویش چۆڵکردنی ناوچە مەسیحییەکان، بۆ ئەوەی پێکھاتەیەکی دیکە بێننە شوێنی ئێمە، کە ئەمەش لای ئێمە قبووڵکراو نییە و ئەمەریکا بەجیددی لەسەر خەتە، بەتایبەت باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق خۆی تەداخولی کردووە.''

(خالید ئەلبێرت) ئەوەشی گوت: ''کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیەوێت ناوچەی مەسیحییەکان پارێزراو بێت و دوور بێت لە شەڕ و ئاژاوە، بەڵام ئەوانیش وەکو کردار تا ئێستا ھیچیان بۆ ئێمە نەکردووە و ھیوادارین ئەمە بکەن، چونکە ئێستا چاوەڕێین ھەرێم و بەغدا دانوستان بکەن و ناوچەکانی ئێمەش چارەنووسیان یەکلایی بکرێتەوە.''
kdp-
Top