ئەنجومەنی داكۆكیی مافی خەڵك لە هەڵەبجە: بەهۆی هەوڵێک بۆ بەلاڕیدابردن خۆپیشاندانمان هەڵوەشاندەوە
بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی داكۆكی مافی خەڵك لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ دووشەممە 25/12/2017، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە، ڕایان گەیاند: "چەند ڕۆژێكە لە ئامادەكاری داین بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی جەماوەری و چەندین ئەندام و چالاكوانی مەدەنیش دەستگیر كران و هەر سووریش بووین لەسەر ئەنجامدانی چالاكییەكانمان، بەڵام هەوڵی بە لاڕێدابردن و خۆێناویكردنی خۆپیشاندانەكان لەلایەن ستاف و باڵەكانی حزبێكی دیاریكراوەوە، دوودڵیی لەلا دروست كردین".
ڕوونیان كردەوە و ئەوەشیان خستە ڕوو: "بۆیە لەژێر ئەم بارە نالەبارە و سەپاندنی حكوومەتی عورفیدا لەپێناو نەڕشتنی خوێنی خەڵكی سڤیل و لەكەردارنەكردنی ناوبانگی پایتەختی ئاشتی بە باشمان زانی لەبری ئەوەی لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە هەڵوێستەكانمان بگەیەنین، لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە داواكانمان بۆ خەڵكی هەرێمەكەمان و بەتایبەت پارێزگای هەڵەبجە بخەینە ڕوو".
بەریوەبەرانی ئەنجومەنی داكۆكی مافی خەڵك لە هەڵەبجە، ڕاشیان گەیاند: "ئیدانەی سووتاندنی دامودەزگای حكوومی و بارەگا حزبییەكان و بە كولتووركردنی سووتاندن دەكەین ".
باسنيوز
