ژمارەیەک کۆمپانیای فڕۆکەوانی جیھانی بەنیازن سکاڵا لەسەر عەبادی تۆمار بکەن

 ژمارەیەک کۆمپانیای فڕۆکەوانی جیھانی بەنیازن سکاڵا لەسەر عەبادی تۆمار بکەن
ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی جیھان، بەنیازن سکاڵا لەسەر حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمار بکەن، ئەوەش بەھۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان.


موحسین سەعدوون، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: "کۆمەڵێک کۆمپانیای بیانی فڕۆکەوانی بەنیازن سکاڵا لەدژی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمار بکەن، ئەوەش بەھۆی بڕیاری داخستنی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کۆمپانیایانە زیانی زۆریان بەرکەوتووە".


ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستەروو، کە ئەوەی بەغدا لە دژی ھەرێمی کوردستان دەیکات، سیاسەتێکی ھەڵەیە.


ھاوکات، مەولوود باوە مراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندی بەو سکاڵایانەوە نییە، کۆمپانیاکان ئازادن چۆن مامەڵە دەکەن، بەڵام ئەوەی بەلای حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە گرنگە و وەزارەت ئەرکی سەرشانی بووە ئاگاداری بەغدای کردوەتەوە، کە کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و رێکاری گفتوگۆی نێوان ھەردوولا بۆ ئەو پرسە باس کراوە".



لە دوای چەند رۆژێک لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراقی چەند بڕیارێکی دژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دا، لەوانەش داخستنی ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و سلێمانی.










باسنیوز
Top