بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ: بەهۆی پەکەکەوە ناتوانین خزمەتگوزاری بگەیەنینە گوندەکان
موسلیح زرار، بەڕێوەبەری شاردەێی وەرتێ رایگەیاند، ھەردوو گوندی زارگەلی و بۆکریسکانی سەربە شارەدێی وەرتێ لەسنووری شارۆچکەی رواندز، هاوشێوەی گوند و ناوچەکانی دیکەی بناری قەندیل، لەژێر دەستی پەکەکە دان و ”ئێمە وەک حکوومەت ھیچ دەسەڵاتێکمان بەسەر ئەو گوندانەوە نییە و ناتوانین خزمەتگوزاریی بگەیەنینە ئەو گوندانە".
موسڵح زرار هەروەها رایگەیاند، کە ئەو دوو گوندە چەند جارێک لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بەهۆی بوونی بارەگای پەکەکە تێیاندا بۆردومان کراون و خەڵکەکەشی، کە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە، ناتوانن بگەڕێنەوە.
دەیان جار هاووڵاتییانی گوند و ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان داوایان لە پەکەکە کردووە بنکە و بارەگاکانی لە ناو گوند و ئاوەدانییەکان بباتە دەرەوە، بەڵام پەکەکە گوێ بەو داواکارییەی هاووڵاتییان نادات و بووەتە هۆی وێرانبوون و چۆڵکردنی چەندین گوندی ناوچەکە.
باسنیوز
