لە كەركووك حەشدی شەعبی دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد و بەشداریی هێزە چەکدارەکان لە هەڵبژاردندا پێچەوانەی دەستوورە"
پەیجی فەرمی محەمەد مەهدی بەیاتی، بەرپرسی میحوەری باكووری هێزەكانی بەدەری سەر بە حەشدی شەعبی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك)، بڵاوی كردووەتەوە كە ڕێكخستنەكانیان كۆنگرەی یەكەمیان بۆ ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ئەنجام داوە.
لەو كۆنگرەیەدا كە لە شاری كەركووك ئەنجام دراوە، بەیاتی، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە پێویستە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا بیبەنەوە.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هۆكاری سەرەكی نەهاتنە پێشەوەی حكومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لایەنە عێراقییەكان دەیانەوێت كێشەی كورد بكەنە ریكلام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو و هاوكات بۆ ئەوەی كورد كەمترین دەنگ بێنێت، لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان".
دەسپێکی بانگەشەی حەشدی شەعبی بۆ هەڵبژاردنەکان، کە هەتا ئێستا بە فەرمی بانگەشە دەستی پێ نەکردووە، جیا لە نایاسایی بوون، لە کاتێک دایە کە بەپێی دەستووری عێراق نابێ هیچ گرووپێکی چەکدار بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بکەن، هاوکات حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دژی بەشداریکردنی حەشدی شەعبییە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا.
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەردا گرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دایە".
باسنیوز
