شاندێكی ھەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا

شاندێكی ھەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا
ئەمڕۆ شاندێكی باڵای رەگەزنامەی ھەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرە رەگەزنامەی گشتیی بە بەشداری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و پاسپۆرت لە ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات".

لیوا دلێر ئاكۆ، بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامەی ھەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانەكەیان گوت: سەردانەكەمان لەسەر داوای وەزیری ناوخۆی عێراقە و داوایكردووە، شاندێكی باڵا لە ھەموو بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت و رەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی و كارتی زانیاری، سەردانی بەغدا بكەن و تاوتوێی كێشەكانی نێوان ھەردوولا دەكەین".

گوتیشی: "كێشەیەكی زۆر لەنێوان ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ھەیە لەسەر رەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی و كارتی زانیاری، ھەموو كێشەكان كەڵەكە بوونە، ئەو شاندە دەچێتە بەغدا تاوتوێی ھەموو كێشەكانی نێوانمان دەكەین".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ھەندێك جار كێشەی ھونەری لە كارتی نیشتمانی ھەیە، بەڵام كێشە سەرەكییەكەمان لە فایلەكانە بە تایبەتی لە ناوی ئەو ئاوارانەی چەند ساڵێكە گەڕاونەتەوە ھەرێمی كوردستان بە دیاریكراوی لە رووی نەبوونی ناسنامەی باری شارستانی".

ئەوەشی خستەروو: "كێشەیەكی دیكە مووچەی فەرمانبەرانمانە كە لە رووی میلاكەوە راستەوخۆ سەر بە حكومەتی ناوەندە".




K24
Top