لە سەری ساڵی نوێدا ھیچ ئاھەنگێکی فەرمی لە ھەولێر بەڕێوە ناچێت
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێرەوە رایگەیاندووە ، وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ بەرنامە و پلانێکیان بۆ ئاھەنگی فەرمیی سەری ساڵی نوێ نییە، ھۆکارەکەشی بۆ نەبوونی بوودجە و قەیرانی دارایی دەگەڕێتەوە، ھەروەھا لە دوای ساڵانی 2015، 2016 و 2017دا بەشێوەیەکی فەرمی بەرنامەیان نەبووە.
لەسەر پلانی ئەمنیی پارێزگای ھەولێر بۆ سەری ساڵی نوێ، لێژنەی ئەمنی کە پارێزگاری ھەولێر سەرپەرشتی دەکات، پلانی ئەمنیی خۆی بۆ سەری ساڵی نوێی زایینی ھەیە، ھەروەھا ھەموو دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان کە بریتین لە تەندروستی، ھاتوچۆ و بەرگری شارستانی دەگرێتەوە، ئامادەکاری دەکەن.
حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای ھەولێریش ھەر لەو بارەیەوە ڕاگەیاند: تا ئێستا لەلایەن وەزارەتی کارەباوە ھیچ شتێکمان لەسەر زیادبوونی بەرھەمھێنانی کارەبا پێ ڕانەگەیەنراوە، ھەر بۆیە ئەو بڕە کارەبایەی کە بەرھەم دێت، وەک خۆی دەبێت و بەو شێوازەی پێشتر دابەش دەکرێت، ئەمەش ئەگەر ھیچ گرفتێک دروست نەبێت، یان پلەکانی گەرمان لەوەی ھەیە، زیاتر نزم نەبێتەوە".
باسنیوز
