كچی عەبدوالحید كەناڵێكی كوردی دەكاتەوە و پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش دەڵێ: سیاسییە نەیارەکانی کورد هاوکاریی سروە عەبدولواحید دەکەن

كچی عەبدوالحید كەناڵێكی كوردی دەكاتەوە و  پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش دەڵێ: سیاسییە نەیارەکانی کورد هاوکاریی سروە عەبدولواحید دەکەن
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، کەناڵێک لە بەغدای پایتەختی عێراق بە زمانی کوردی دەکاتەوە و کارمەندانی کەناڵی (NRT)یش پەیتا پەیتا بۆ کەناڵەکە، بەرەو بەغدا دەچن. پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش ئەو سیاسییانەی ئاشکرا کرد کە پشتیوانی لە سروە عەبدولواحید دەکەن.



بەپێی زانیارییەکان، سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، کار لەسەر دامەزراندنی کەناڵێکی ئاسمانی لە شاری بەغدا دەکات. هەر لەم چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک لە پێشکەشکار و پرۆدیوسەر و تەکنیککارانی کەناڵی (NRT) کە شاسوار عەبدولواحیدی برای خاوەندارێتی دەکرد و لەم دواییانە بانگەشەی فرۆشتنی دەکرد، لە سلێمانییەوە چوونەتە بەغدا.



لەمبارەیەوە شیرین ڕەزا، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند: جارێ نازانین حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی ھەیە لە کردنەوەی ئەو کەناڵە یان بە پێچەوانەوە، چونکە ئەو لە شەقامی خۆی دەترسێ و نیازی ئەوەی ھەیە بۆ خولی دووەم خۆی ھەڵبژێرێتەوە، بۆیە لە شەقامی عەرەبیدا ئەمڕۆ چەندە دژایەتی کورد بکەیت، ئەوەندەش دەنگەکانت زیاد دەکات“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”کردنەوەی کەناڵەکە، ڕەنگە پەیوەندی بە حەیدەر عەبادی نەبێت، یان نەیەوێت تەداخولی تێدا بکات، بەڵام خودی سروە عەبدولواحید، لە بەرئەوەی دەمێکە لە بەغدایە و ساڵی 2003 لە بەغدا کاری ڕاگەیاندنی کردووە، بێگومان ئێستا پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی فراوانی لەگەڵ کەسانی سیاسیی گەورەی عێراقدا ھەیە، بۆیە لە ھەموو ڕوویەوەکە ئەوان ھاوکاریی سروە عەبدولواحید دەکەن“.



پەرلەمانتارەکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش دا: ”ئەگەرێکی زۆر ھەیە ئەو کەسانەی دژایەتیی کورد دەکەن، بە زۆربەی سیاسییە عەرەبەکانەوە، تەنانەت بە سوننە و شیعەشەوە، ھاوکاریی سروە عەبدولواحید بکەن بۆ کردنەوەی ئەو کەناڵە دژی کورد“.



لەلایەن خۆشیەوە مەحموود حاجی عومەر، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، ڕاگەیاند: ئاگاداری ھەوڵەکانی سروە عەبدولواحید نیم بۆ کردنەوەی کەناڵێکی لەم جۆرە، بەڵام لێرەوە بەڕوون و راشکاوانە ڕایدەگەیەنین کە ھەر جۆرە هەوڵێکی لەو شێوەیە، دەبێت بە فلتەری گۆڕان و ئاگاداریی گۆڕان بێت، چونکە ئەمە بەرپرسیاریەتییە و رەنگە لە داھاتوو ئاراستەی ئەو کەناڵە لەگەڵ گۆڕان نەگونجێت“.



ئەوەشی دووپات کردەوە کە سروە عەبدولواحید لەناو گۆڕاندا سەرۆکی فراکسیۆنە و ”ڕاستە ئەو خوشکی شاسوار عەبدولواحیدە، بەڵام دەبێت سروە خان بزانێت کە ئەو لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕاندا کار دەکات".



پشتیوانیکردنی بەغدا بۆ کردنەوەی کەناڵێکی کوردی لە لایەن سروە عەبدولواحید لە کاتێکدایە کە حکوومەتی عێراق و ژمارەیەکی بەرچاوی سیاسییە عەرەبەکانی عێراق، بڕیاری داخستنی چەند کەناڵێکی ئاسمانیی کوردستانییان داوە و هۆکارەکەشی بۆ پشتیوانیکردنی ئەو کەناڵانە لە ڕەوتی سەربەخۆخوازیی کوردستان دەگەڕێتەوە.


باسنیوز
Top