سەرکردەیەکی یەکێتی: دەستی دەرەکی خۆپیشاندانەکانی قۆستووەتەوە

 سەرکردەیەکی یەکێتی: دەستی دەرەکی خۆپیشاندانەکانی قۆستووەتەوە
سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕای گەیاند، گومانی ئەوە دەکرێ دەستی دەرەکی خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری قۆستبێتەوە. ڕوونیشی کردەوە: "یەکێتیی تەقەی لە ھاووڵاتییان نەکردووە".



حامیدی حاجی غالی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "خەڵکی مافی خۆیەتی لەپێناو قووتی خۆیدا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجام بدات، بەڵام باشترین خۆپیشاندان خۆپیشاندانی ھێمنانە و مەدەنییە".



ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ڕوونیشی کردەوە: "ئەو خۆپیشاندانەی لە ڕانیە و کۆیە ڕوویان داوە، ڕێڕەوی مەدەنیی تێپەڕاندووە و گومانی ئەوە دەکرێت دەستی دەرەکی ئەو خۆپیشاندانەی قۆستبێتەوە، چونکە لە خۆپیشاندانەکانی ئەو سنوورەدا تەقەی تێکەوت، ھەروەھا بارەگای حزبی و حکوومی سووتێندرا، بۆیە ئەو خۆپیشاندانانە ھیچیان خۆپیشاندانی مەدەنی نەبوون، چونکە سەروەت و سامانی میللەتەکەمانی تێدا سووتێندراوە."



حامیدی حاجی غالی جەختی لەوە کردەوە کە ”یەکێتی ئامادە نییە ماڵ و موڵکی خۆی بسووتێنێت". بە پێویستیشی زانی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە زوویی کێشەی ھاووڵاتییان چارەسەر بکات، ”با گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر ڕوو نەدات، چونکە دواجار چارەسەرکردنی کێشەی ھاووڵاتیان لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەک دایە".



لە هەفتەی ڕابردوودا لە بەشێکی شار و شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، خۆپیشاندانی هاووڵاتییان بۆ داواکردنی مووچە و باشکردنی بژێویی ژیان دەستی پێکرد، بەڵام تەنیا دوای چەند کاتژمێرێک لە دەست پێکردنی خۆپیشاندانەکان، هێرشکردنە سەر بارەگا حکوومی و حزبییەکان و موڵک و ماڵی هاووڵاتییان دەستی پێکرد و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە.




باسنیوز
Top