عەبادی بۆ خۆدزینەوە لە گفتوگۆ 13 مەرج بەرامبەر هەرێمی کوردستان دادەنێ

 عەبادی بۆ خۆدزینەوە لە گفتوگۆ 13 مەرج بەرامبەر هەرێمی کوردستان دادەنێ
حکوومەتی عێراق 13 مەرج بۆ دەست پێ کردنی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دادەنێت کە بە بڕوای چاودێران، مەرجەکان بۆ خۆدزینەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراقە لە دەست پێکردنی گفتوگۆ.



چەند سەرچاوەیەکی باڵای حکوومەتی عێراق بە ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی جەدید)یان راگەیاندووە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیستی مەرجەکانی دیاری کردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.



وەزیرێکی حکوومەتی عێراق (بەبێ ناوھێنان)، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، حکوومەتی عێراق لیستی مەرجەکانی داوەتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.



بەپێی گوتەی ئەو سەرچاوانە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو مەرجانەی حکوومەتی عێراقی بە توندی رەت کردووەتەوە و بە نیشانەی ئەوەی داناوە، کە تا ئێستا حکوومەتی عێراق نیازی چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ کوردستان بەڕێگای سەربازی، ھەیە.



بەشێک لە مەرجەکانی حەیدەر عەبادی:



- ھەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم نەک سڕکردنی و بە لێدوانێکی فەرمی.

- رادەستکردنی خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی کوردستان بە حکوومەتی عێراق.

- رادەستکردنی داھاتە نەوتییەکان و نانەوتییەکان، گومرگ و باجی کوردستان بە حکوومەتی عێراق.



- رادەستکردنەوەی ھەموو عێراقییە داواکراوەکان کە لە کوردستان دەژین.

- گەڕانەوە بۆ سنووری 2003.

- بەستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بە وەزارەتی بەرگریی عێراق.

- بەڵێندان بە نەحەواندنەوەی داواکراوە عێراقییەکان.

- گەشت نەکردنی ھیچ بەرپرسێکی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بەبێ رەزامەندیی حکوومەتی عێراق.

- پێشوازی نەکردن لە ھیچ بەرپرسێکی جیھان بە شێوەی راستەوخۆ، تەنیا بە رەزامەندیی بەغدا و بە تێپەڕبوون لە بەغداوە بۆ ھەولێر.



ئەو مەرجانەی عەبادی لەکاتێک دایە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەڕێگای دانوستاندن و گفتوگۆ نیشان داوە.



دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %90ی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین گەمارۆی دارایی و سەربازی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند.



باسنیوز
Top