یەکێتی: با هەڤاڵ ئەبوبەکر وەڵام بداتەوە کە ئاگاداری هاتنی هێز بووە یان نا
نەوزاد حەمە ئەمین، کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: "لەبەر ئەوەی پارێزگاری سلێمانی لە پشکی گۆڕانە و سەرۆکی لێژنەی ئەمنیی پارێزگاکەشە، بۆیە دەبێت ئەو ڕەزامەندی دابێت بە ھێنانی ھێز بۆ ناو شار، چونکە ھێزە ئەمنییەکان فەرمان لەوەوە وەردەگرن، ئەمەش پرسیارە و دەبێت پارێزگاری سلێمانی وەڵام بداتەوە".
ھاوکات ھۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەی خستە روو: "ھێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی خەڵک ھاتووەتە ناو شارەوە بۆ سەرکەوتکردنی خەڵک نەبووە، پێم وایە سەرۆکی ئەنجومەن و فراکسیۆنەکان لەو بارەوە ڕوونکردنەوەیان دا، ھەرچی پێویست بێت دەتوانن بڕیاری لەسەر بدەن، ئێمەش پاڵپشی خۆپیشاندەرانمان کردووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی روون کردەوە، ئەگەر خۆپیشاندان ھێمنانە بێت، پێویست بەھیچ ھێزێک ناکات، تەنیا پۆلیسی چالاکییە مەدەنیانەکانن ڕۆڵی خۆیان دەبینن، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆپیشاندان بە ئاراستەی توندوتیژیدا چووە، بۆیە ”بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییان و پاراستنی گیانی ھەردوولا، ھێز ھێنراوە".
ئاشکراشی کرد: "پارێزگاری سلێمانی کە پشکی گۆڕانە، سەرۆکی لێژنەی ئەمنییە و دەبێت خۆی وەڵامی ئەو پرسارە بداتەوە، ئایا ھاتنی ھێز بەبێ ئاگاداری پارێزگار بووە یان نا؟".
باسنیوز
