کەمپینی بەرگریکردن لە خورماتوو: هێشتا جیهان لە بەرانبەر خورماتوودا بێدەنگە

کەمپینی بەرگریکردن لە خورماتوو: هێشتا جیهان لە بەرانبەر خورماتوودا بێدەنگە
تا دێت تاوانەکانی حەشدی شەعبی بەرانبەر بە خورماتوو بەردەوامە و بە پێی دواین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاوارە کوردەکان بە ھۆی مەترسی بۆ سەر ژیانیان ئامادەی گەڕانەوە نین، ڕێکخەری کەمپینی بەرگریکردن لە خورماتووش دەڵێ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەی یەکگرتووەکان وەک پێویست ئاوڕیان لە کەیسی خورماتوو نەداوەتەوە و بێدەنگن لەھەمبەر ئەو ھەموو وێرانکاریەی کراوە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاوکاریی عێراق (یونامی) لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی حەشدی شەعبی لە قەزای خورماتوو پێک ھێناوە و تا ئێستا لیژنەکە دوو جار سەردانی شارەکەی کردووە، بە پێی ڕاپۆرتی (یونامی) ئەندامانی گرووپە تورکمانییەکان تاوانیان ئەنجام داوە و زۆرێک لە دانیشتوانی شارەکە بە ھۆی ترسی تاوانەکانەوە شارەکەیان بەجێ ھێشتووە، بەڵام ناسنامەی ئەو چەکدارانە دیاری نەکردووە.

(بەھرە حەمەڕەش)، ڕێکخەری کەمپینی بەرگریکردن لە خورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تاوانەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە شاری خورماتوو بەردەوامن و تا ئێستا کورد ناتوانێت بگەڕێتەوە شاری خۆی، ھەتا گەیشتووەتە ئاستێک ئەو ھەموو تاوانە دەکرێت تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەھەمبەر وێرانکاریی خورماتوودا چاویان داخستووە، کەس خۆی لەو شوێنە ناکاتە خاوەن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە خورماتوو دەسەڵاتدار بووە و ئیدارەی خورماتوو دەکات، قسە ناکات، تەنانەت یەکێتی حەز ناکات قسە لەسەر پرسی خورماتوو بکرێت.''

ھەر بە پێی ڕاپۆرتی نێردەی نەتەوەی یەکگرتووەکان: ''زۆربەی کردە تێکدەرەکان و تاڵانکردنەکان لە دوای دەرچوونی دانیشتوانی کورد لە شارەکە ڕوویان داوە و زۆرێک لەو ئاوارانەش ھێشتا نەگەڕاونەتەوە. سەرباری ئەوەش، زۆر لە گەواھیدەران باسیان لەوە کرد، کە تاڵانکردنی ماڵی ھاووڵاتییان بە شێوەیەکی بەرفراوان و بە ھەڕەمەکی لە گەڕەکی خۆیان ئەنجام دراوە، بەڵام زەرەر و زیانە گەورەکان بە شێوەی ئامانجدار ئەنجام دراون، بۆ نمونە، لەسەر بنەمای لایەنگیریی سیاسی و ئاسایش.''

(بەھرە حەمەڕەش) گوتی: ''شتێک نییە بە ناوی ئەوەی قەبارەی تاوانەکان لە خورماتوو کەم بێتەوە، ھەمیشە بەردەوامە و ئەوەی پرسیارە ئەوەیە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگییەکی تاقەتپرووکێنی بەرامبەر کەیسی خورماتوو و وێرانکردنی شارەکە ھەیە.''

لیژنەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێ: ''لە دوای دەستپێکردنی ڕووداوەکانی شارەکە ١٤٤٠ خێزان خورماتوویان بەجێ ھێشتوە و بە پێی گوتەی یەکێک لە ئاوارەکان لە ترسی ئەوەی مەترسی بۆ سەر خێزانەکەی هەیە، ناتوانێت بگەڕێتەوە تا ئەوکاتەی ھێزێک بۆ پاراستنیان دیاری دەکرێت.''

لەم بارەیەوە (بەھرە حەمەڕەش) دەڵێت: ''ئێمە یادداشتێکمان داوەتە پەرلەمانی عێراق و ھەموو ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی لیژنەیەکی تایبەتمەند لێکۆڵینەوە لەبارەی ڕووداوەکانی خورماتوو بکات، چونکە ئاوارە کوردەکان لە ژیانێکی سەختدا دەژین و پێویستە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەڵام تا ئێستا پەرلەمانی عێراق بێدەنگە و وەڵامی ڕاپۆرتەکەی ئێمەی نەداوەتەوە.''
kdp-
Top