پۆلیسی کۆیە: بەشێکی خۆپیشاندەران تاوانبار بوونە و ویستوویانە بەڵگەی تاوانەکانیان بسووتێنن

 	 پۆلیسی کۆیە: بەشێکی خۆپیشاندەران تاوانبار بوونە و ویستوویانە بەڵگەی تاوانەکانیان بسووتێنن
پۆلیسی شارۆچکەی کۆیە ئاشکرای دەکات ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندنەکاندا فەرمانگە حکوومییەکانیان سووتاندووە، بەشێکیان پێشتر تاوانبار بوونە و ویستوویانە بەڵگەی تاوانەکانیان بسووتێندرێن و نەمێنن.

خۆپێشاندەرانی کۆیە و شارەدێی تەقتەق نزیک بە ١٥ فەرمانگەی میرییان سووتاند، کە زۆربەیان خزمەتگوزاری بوون. لەو نێوەدا بینای قایمقامیەتی کۆیە و تەواوی بەشەکانی دادگای شارەدێی تەقتەق سووتێندران و هەموو بەڵگەکان بوون بە سووتماک. ئاسایش و پۆلیسی کۆیە بە جیا لیژنەی لێکۆڵینەوەیان پیک هێناوە و لە ماوەی چەند ڕۆژ کارکردنیاندا نزیک بە ٢٥ کەسیان گرتووە و چەندین سەرەداویشیان دەست کەوتووە.

پۆلیسی کۆیە بە پێی ڤیدیۆ و کامێرا چاودێرییەکانی بەردەم بارەگا حزبی و حکوومییەکان، کاری لێکۆڵینەوەی خۆی لە تۆمەتباران دەست پێ کردووە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کۆیە، (شۆڕش کاکە)، لە دەرنجامی لێکۆڵینەوەکاندا بۆی دەرکەوتووە، خۆپێشاندەران ویستوویانە تەواوی فەرمانگە حکوومی و حزبییەکانی ناوچەکە بسووتێنن.

ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "هەندێ کەس کە فەرمانگەکانیان سووتاندووە، تاوانبار بوونە و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە. ئەوان ویستوویانە بە سووتاندنی دادگا و بەڵگەکان، هیچ جۆرە بەڵگەیەکیان لەسەر نەمێنێ." (شۆڕش کاکە)، پێی وایە، ئەو کەسانە دەستیان لە پشت بووە و ڕێنوێنی کراون.

لە ١٨ی ئەم مانگەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، خۆپێشاندان لە چەند شار و شارۆچکەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان بەڕێوە چوو و دواجار کۆیە و شارەدێی تەقتەقیشی گرتەوە.

تەنیا لە شارەدێی تەقتەق، ١٤ فەرمانگەی حکوومی لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێندران. ئەو خۆپێشاندانانە بە مەبەستی دابینکردنی مووچەی مامۆستایان بوو، بەڵام لە دەیان گرتەی ڤیدیۆییدا، کە بڵاو کراونەتەوە، زۆربەی خۆپێشاندەران مووچەخۆر نین و تەنانەت تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵە.

تەقتەق، شارەدێیەکی بچووکە و زۆربەی دانیشتووانی بینویانە بەشێکی خۆپێشاندەران، کە تەنانەت دەستیان لە سووتاندنی ٢٠٠ پارچەی کلتووریی ناو مۆزەخانە نەپاراستووە، خەڵکی خۆجێیی نەبوونە. دانیشتوویەکی ئەو شارۆچکەیە ئاشکرای دەکات: ''زیاتری خۆپێشاندەران خەڵکی بناری شێخ بزینی و شوانی، سەر بە پارزگای کەرکووک بوون، واتە خەڵکی ئەوبەری زێی تەقتەق بوون.''

ئەو شایتەحاڵە، کە نەیویست ناوی ببرێ و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزراوە، دەڵێت: ''هەندێ لەو خۆپێشاندەرانە کادیرانی کۆنی یەکێتی بوون، کە ساڵی ٢٠٠٩ چوونەتە نێو گۆڕان و ئێستاش لایەنگری نەوەی نوێن.'' ئاسایشی کۆیە تەواوی زانیارییەکانی شایەتحاڵەکەی تەقتەق پشتڕاست دەکاتەوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ھەولێر- کۆیە، عەمید (عادل یاسین) ئاشکرای دەکات: ''خەڵکی ئەوبەری زێیە هاتوونەتە ناو تەقتەق و منداڵی خوار تەمەنی یاساییان لەگەڵ خۆ داوە و فەرمانگەکانیان سووتاندووە.''

(عادل یاسین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''بە پێی لێکۆڵینەوەکانمان، بزوتنەوەی گۆڕان یەک لەو لایەنانە بووە، کە پشتگیریی ئاژاوەگێڕانی کردووە.'' ئێستا خۆپێشاندان لەو ناوچانە نییە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی داوای لە مامۆستایان کرد لە ڕێگەی خۆپێشاندانەوە، ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی)، خۆپێشاندانی بە مافی ڕەوای هاووڵاتییان زانی، بەڵام جەختیشی کردەوە کە پێش لە هەر جۆرە ئاژاوەگێڕییەک دەگرن.
kdp-
Top