"رووسیا لە کۆنگرەی سووچی شەرعیەت دەداتەوە ئەسەد!"
لە ٢١ و ٢٢ی ئەم مانگەدا دانیشتنەکانی ئەستانە لە وڵاتی کازاخستان بۆ چارەکردنی کێشەی سووریا بەڕێوە چوون، هەر لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەری بەشی ئاسیا و ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی کازاخستان (ئیداربک تۆماتۆف) ڕایگەیاند، کوتاییی مانگی دابێت، کانوونی دووەم، کۆنگرەی سووچی بەڕێوە دەچێت.
هەر لەو بارەیەوە، وەزیری دەرەوەی کازاخستانیش (خەیرەت عەبدولڕەحمانۆف) ڕایگەیاند: بە گوێرەی بەیاننامەی کۆتاییی ئەستانە لە نێوان وڵاتانی بەشداربوودا، ڕووسیا و ئێران و تورکیا، لە ١٩ و ٢٠ی مانگی دابێت، لەبارەی کۆنگرەی سووچی کۆ دەبنەوە.
سەرچاوەیەک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە ئاژانسی ئینتەر فاکسی کازاخستانی ڕایگەیاندبوو، کە وڵاتانی تورکیا و ئێران ڕێگرن بەرامبەر هەبوونی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بۆ پشکداریکردن لە کۆنگرەی داهاتووی دانوستاندنی چارەسەریی نیشتمانیی سووریا. هەر پەیوەست بەمەش، هاوسەرۆکی پەیەدە (شاهۆز حەسەن)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هەڵوێستی تورکیا شتێکی غەریب نییە، دەمانزانی هەمان هەڵوێستی هەیە، بەڵام ئێمە پشکداری هەموو کۆنگرەیەک دەبین، کە بۆ چارەسەری کێشەی سووریا بیت.''
(شاهۆز حەسەن) گوتیشی: ''ئێمەش لە ڕاگەیاندنەکانەوە گۆیمان لەوە بووە کە هەندێک کورد پشکداری دەکەن، بەڵام تا ئێستا شتێکی فەرمی بە بەدەستمان نەگەیشتووە.''
(ئەلێكسەندەر لاڤریێنتیڤ)، نێردەی تایبەتی (ڤیلادیمیر پووتین)، سەرۆكی ڕووسیا بۆ سووریا ڕایگەیاند: ''پەیەدە نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم دانوستاندنەكانی ئاشتی لە سووریا و توركیاش بە شێوەیەكی بنەڕەتی ڕەتی كردووەتەوە (پەیەدە) بەشداری بكات.''
(ئیبراهیم برۆ)، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''تا ئێستا ئێمە بانگهێشت نەکراوین بۆ کۆنگرەی سووچی، بەڵام ئێمە بە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیامان گوتووە، هەرشتێک پەیوەندیی بە کێشەی کوردەوە هەبێت، ئامادەین پشکداری بکەین و تا ئێستا دیار نییە، کە ئێمە پشکدار دەبین، یان نە، چونکە تا ئێستا ئێمە بانگهێشت نەکراوین .''
ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی سووچی بەڕێوە دەچن، ١٤٩٠ کەس بەشدار دەبن و ٢٣یان کوردن. ئەو ٢٣ کەسە کوردە کێن؟ (برۆ) گوتی: ''تا ئێستا دیار نییە ئەوان کێن. دەڵێن ڕەنگە ئەوان کەسانی ئەکادیمی بن، پێ دەچێت ئەو ئەکادیمیانە سەر بە پەیەدە و چەند پارتێکی دیکە بن.''
دەربارەی ئەوەی کە تورکیا دژی هەبوونی کوردە، یان تەنیا دژی پەیەدە و پەکەکەیە لە بەشداریکردنی کۆنگرەی سووچی؟ (برۆ) ئاماژەی دا: ''نا تورکیا لە دژی ئێمە نییە، بەڵام بە ئاشکەرایی دژی هەبوونی پەیەدەیە لەو کۆنگرەیەدا، چونکە پێشتر لە چەندین کۆنگرەدا ئێمە پشکدار بووین و ئەوان دژمان نەبوون.''
لە ئەستانەی ٨یشدا بەرنامەکە ئەوە بوو، ڕاوەستاندنی شەڕ و کوشتن بە ئامادەبوونی وڵاتانی بەشداری کووبەنەوەکە (رووسیا و تورکیا و ئێران)، نەتەوە یەگرتووەکان و ئەمەریکا و ئۆردن وەک چاودێر و، وەڤدی ڕژێم و ئۆپۆزسیۆنی سووریاش.
پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، (فواد عەلیکۆ)، ئەندامی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''وەک ئۆپۆزسیۆن پێشتر بریارمان داوە پشکداریی ئەو کۆنگرەیە نەکەین، چونکە لە ژێر چاودێیری نەتەوە یەگکرتوەکاندا نییە، ئەو کۆنگرەیە و ئامانجی ڕووسەکان ئەوەیە شەرعیەت بە دەسەڵاتی (بەشار ئەسەد) بدەن، ئێمەش نامانەوێت پشكداری ئەو کۆنگرەیە بین.''
شایانی باسە، لە ئەستانەی ٧یشدا یەکپارچەییی خاکی سووریا و بەردەوامیی دژە تیرۆر و چەندین بابەتێکی دیکە. خرانە ڕوو.
kdp-
