سەرچاوەیەک: حەشدی شەعبی وێنەی خامنه‌یی لە دامودەزگاکانی شنگالدا داناوە

 	 سەرچاوەیەک: حەشدی شەعبی وێنەی خامنه‌یی لە دامودەزگاکانی شنگالدا داناوە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شنگال دەڵێت، حەشدی شەعبی لە دامودەزگاکانی شنگالدا وێنەی (خامنه‌یی) داناوە و ناوی ئەو شوێنەی بە وێنەوە پشتڕاست کردەوە، کە حەشد لەوێدا وێنەی داناون.

لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەر، کە حەشدی شەعبی بە یارمەتیی گرووپێکی خیانەتکار و وڵاتێکی هەرێمی، دەستی بەسەر کەرکووکدا گرت، دواتر چوونە شنگال و دەستیان بەسەر شنگالیشدا گرت.

ئێستا حەشدی شەعبی کە لە شنگالن، بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شنگال کە نەیویست ناوی ببرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ''میلیشیای حەشدی شەعبی وێنەی (خامنه‌یی) لەسەر دامودەزگاکانی شنگال داناوە.''

سەرچاوەکە ناوی ئەو شوێنانەی هێنا کە وێنەی (خامنه‌یی) لەسەر دانراوە، لەوانە گەڕەکی شەهیدانی قەزای شنگالە، کە وێنەکانی لێ دانراوە و لە چەندین دامودەزگای دیکەشدا، بەتایبەت لە قوتابخانەکاندا وێنەکان دانراون. پێشتر بەرپرسە ئێدارییەکانی شنگال بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتییان پشتڕاست کردبووەوە، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەموو جۆرە پێشلکارییەکیان لە دژی خەلکی شنگال و ناوچەکە کردووە.

ئیزدییەکانیش لە ڕاپۆرتێکی پێشووی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو شنگالدا نیگەرانییان لە پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی ڕاگەیاند و ئەوان گوتیان، ڕەوشیان لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر خراپە و باسیشیان لەو پێشێلکارییە کرد، کە حەشدی شەعبی لە دژیان دەیگرێتەبەر، کە ئەوانیش وەک داعش هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن، تەنانەت لە جەژنی ڕۆژی ئێزدیانیشدا ئارامیی جەژنیان لێ تێک داون و نەیانهێشتووە تاکە نەریتێکی جەژنانەیشان بەجێ بگەیەنن، کە لە ڕۆژی جەژندا ئێزدییەکان سەردانی گۆڕستانەکان دەکەن.
kdp-
Top