"مامۆستایان لە نیازی کەسانێک گەیشتن بۆیە کۆتاییان بە خۆپێشاندان هێنا"

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی، مامۆستایان زانیان خەڵکانێک ئەوان بۆ مەرامی خۆیان بەکار دێنن، بۆیە کۆتاییان بە خۆپێشاندانەکان ھێنا، بۆ ئەوەی ھیچ کەس و لایەنێک ئەو ھەلە نەقۆزێتەوە.

مامۆستایان لە سنووری سلێمانی لە ماوەی ڕابردوودا بڕیاریان دا، کە خۆپێشاندان ئەنجام بدەن بۆ داواکردنی مافی خۆیان، بەڵام لە نێو خۆپێشاندانەکاندا خەڵکانێک ئەوانی بەکار ھێنا و توندوتیژیی لێ کەوتەوە و ھێرش کرایە سەر بارەگا حکوومی و حزبییەکان و زیانی زۆری ماددیی لێ کەوتەوە و جگە لەوەش، ٢ کەس کوژران و١٣٢ کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڵام ئێستا خۆپێشاندانەکان کۆتاییان پێ ھاتووە.''

لەم بارەیەوە، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، (ئەحمەد گەرمیانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەرەتا مامۆستایان ویستیان لە ڕێگەی خۆپێشاندانی مەدەنی و ھێمنانەوە داوای مافی خۆیان بکەن و ئێمەش وەکو یەکێتیی مامۆستایان پشتگیری لەو جۆرە خۆپێشاندانانە دەکەین، بەڵام دواتر خەڵکانێک خۆیان خزاندە نێو خۆپێشاندانەکان و ئەوانیان بۆ خۆیان بەکار ھێنا و توندوتیژیی لێ کەوتەوە و زیانی زۆری ماددی و گیانیشی ھەبوو.''

(ئەحمەد گەرمیانی) گوتی: ''ئەوەی توندوتیژی بەکار ھێناوە بە ھیچ شێوەیەک مامۆستایان نەبوونە و خەڵکانێک بوونە کە دیارن و تەمەنیشیان لە ١٨ ساڵ کەمتر بوو، بۆیە مامۆستا کاری لەو جۆرە ناکات.''

(ئەحمەد گەرمیانی) ڕوونیشی کردەوە: ''دوای ئەوەی مامۆستایان زانییان خەڵکانێک خۆپێشاندانی ئەوان بۆ مەرامی خۆیان بەکار دێنن، بۆیە کۆتایییان بە خۆپێشاندان ھێناوە و بە شێوازی جیاوازتر ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بۆ ئەوەی توندوتیژیی لێ نەکەوێتەوە و لە لایەن خەڵکانی دیکەشەوە بەکار نەھێندرێن.''
kdp-
Top