مەحموود عوسمان: عەبادی خۆی لە دانوستان دەدزێتەوە

مەحموود عوسمان: عەبادی خۆی لە دانوستان دەدزێتەوە
(د. مەحموود عوسمان)، سیاسەتمەداری کورد دەڵێ، (عەبادی) خۆی لە دانوستان لەگەڵ هەولێر دەدزێتەوە و بەڵگەش بەوە دێنێتەوە کە (عەبادی) لە کۆبوونەوەی سەرۆککۆمار و جێگرانی سەرۆککۆماردا ئامادە نەبوو، کە پێوەست بوو بە دەستپێشخەری بۆ دانوستان لە نێوان هەولێر و بەغدا.

چاودێرانی سیاسی لە نیەتی (عەبادی) گەیشتوون، کە ئەو دەیەوێ تا هەڵبژاردنی دابێ لە عێراق خۆی لە دانوستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدزێتەوە، بەڵام گوشارەکانی نێودەوڵەتی بۆ سەر (عەبادی) شتێکی دیکەیە، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەیەوێ (عەبادی) بێننە ژێر باری دانوستانەوە.

(د. مەحموود عوسمان)، سیاسەتمەدار دەڵێت: ''بەغدا نیەتی دانوستانی نییە، بەڵگە بەوە دێنێتەوە کە (عەبادی) خۆی لە دەستپێشخەریی سەرۆککۆماری عێراق و جێگرانی دزییەوە و بەشداریی کۆبوونەوەکەیشی نەکرد، کە کۆبوونەوەکە بۆ دەستپێخەریی دانوستانی نێوان هەولێر و بەغدا بوو، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر خۆدزینەوەی (عەبادی) لە دانوستان لەگەڵ هەولێر.''

(مەحموود عوسمان) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''ڕاستە سەرۆککۆمار و جێگرانی و چەندانی دیکە دەستپێشخەریی دانوستانیان کردووە، بەڵام ئەو بڕیارە تەنیا لە دەستی (عەبادی)دایە، ئێستا هەر خۆی دەدزێتەوە و دواجاریش نازانرێ لە ژێر گوشارەکاندا ڕازی دەبێ بۆ دانوستان یان نا.''

(مەحموود عوسمان) باس لە غرووری (عەبادی) دەکات، کە ئەو دەیەوێ پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم بۆ پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردنی دابێی عێراق بەکار بێنێ، بۆیە نیەتی (عەبادی) وایە، کە دانوستان بۆ دوای هەڵبژاردن دوا بخات.

(مەحموود عوسمان) سەرکەوتنی کوردستان بەوە گرێ دەدات، کە کورد نێوماڵی خۆی ڕێک بخاتەوە و، کامە لایەنی سیاسیی عێراق زیاتر ددانی بە مافی کورددا نا، پێویستە کورد خۆی ئامادە بکات و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو لایەنەدا بکات.
kdp-
Top