یەکێتی داوا لە گۆڕان دەکات لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانیش ببێتە ئۆپۆزسیۆن
عەباس فەتاح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند: "مادام گۆڕان بڕیاری داوە لە حکوومەت بکشێتەوە، ئیتر تێناگەین چۆن پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەوێت کە یەکێکە لە پۆستە باڵاکانی حکوومەت؟".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "کاتێک بوویت بە ئۆپۆزسیۆن، دەبێ لە ھەموو جومگەکان ئۆپۆزسیۆن بیت، ئەم وڵاتەی ئێمە جۆرەھا ڕێککەوتنی تێدایە، بۆیە دەکرێ گۆڕان خۆی لەبارەی مانەوەی لە ئیدارەی سلێمانی وەڵام بداتەوە“.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتی کردەوە: ”ئەسڵی پرسەکە ئەوەیە، دەبێ گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بێت، ناکرێ لە پارێزگایەک ئۆپۆزسیۆن بیت و لە قەزایەک دەسەڵات“.
هەر لەمبارەیەوە عەدنان عوسمان، پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”دوو ڕێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتی ھەیە، یەکێکیان ستراتیژییە کە ھەڵوەشاوەتەوە، ئەوی دیکە لە ئاستی شایستەی دەنگەکانە کە بە مافی خۆمانی دەزانین بەپێی ئەو دەنگەی لە سلێمانی ھێناومانە، پۆستی خۆمان وەربگرین".
باسنیووز
