یەکگرتووی ئیسلامی بە مەرج بڕیاری مانەوەی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا
هادی عەلی، گوتەبێژی فەرمیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بڕیاری کۆبوونەوەکەی دوێنێ شەممە ٢٣ی ١٢ی ٢٠١٧ی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبەکەی خوێندەوە و تێیدا ڕای گەیاند: ”کۆبوونەوە داوا دەکا لێژنەیەک لە پەرلەمانی کوردستان پێک بهێندرێ بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی رابردوو لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان کە ڕەوتی مەدەنی و ئاستییانەی ڕووداوەکان بە لاڕێدا برا“.
بەپێویستیشیان زانیوە کە لێژنەکە کاری جددی بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوان و ئاشکراکردنی ئەو دەستانە بکات کە خۆپیشاندانیان بە ئاراستەیەکی دیکەدا بردووە.
لە بارەی هەڵوێستی یەکگرتوو بۆ کشانەوە لە حکوومەت، ئەنجومەنی جێبەجێکاری یەکگرتوو لە ڕاگەیاندراوی کۆتایی خۆیدا کە هادی عەلی خوێندییەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”بە باشمان زانی یەکگرتوو هەڵوێست لەبەرژەوەندیی باشکردنی بژێویی هاووڵاتییان وەربگرێ و بڕیاری دا تا ١٥ی یەکی ٢٠١٨ وەک مۆڵەت بە حکوومەت بدات و شاندێکی یەکگرتوو یاداشتنامەیەک بە حکوومەت بدات و لە حاڵەتی بەدەمەوە نەهاتنیدا، یەکگرتوو هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت“
باسنیوز
