د. عەرەفات كەرەم ستونێ: تا ئێستا بە فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێک لە عێراق هاوپەیمانیمان ڕانەگەیاندووە
د. عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاندووە: گفتوگۆ و سەردان لە نێوان ئێمە و هەموو لایەنەكاندا بەردەوامە بە شیعە و سوننە و خودی مالیكیشەوە، ئەوەش شتێكی ئاساییە، چونكە لە سیاسەتدا دوژمن و دۆستی بەردەوام نییە، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا بە فەرمی ڕامان نەگەیاندووە هاوپەیمانی لەگەڵ كێ دەكەین، چونكە دیار نییە جارێک هەڵبژاردن دەكرێت یان نا".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو: "ناتوانن پشت بە سەركردەكانی عێراق ببەستن، لەبەر ئەوەی تا لە دەسەڵاتدا نەبن، زۆر زۆر دۆستی كوردن و لێدوانی باش دەدەن، بەڵام كە دەچنە دەسەڵاتەوە هاوكێشەكە و لێدوانەكانیان پێچەوانە دەبێتەوە، بەو هۆیەشەوە ئێمە لەگەڵ هەموویان مامەڵە دەكەین و دەشڵێت: "بەدڵنیاییەوە ئێمە پاڵپشتی و پشتیوانی لە عەبادی ناكەین لەسەر ئەو سیاسەتە، چونكە بە كارەكانی هەموو خەڵكی كوردستانی نیگەران كردووە".
ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئاشكراشی كرد: "ئەوان چاوەڕێی دەستپێكردنی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدان تا بزانن دەرئەنجامەكانی بەكوێ دەگات، تا لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری خۆیان بدەن، هەروەها ئەگەر بێت و ئەو بڕیارانەی لەدژی كورد دراون، هەڵبوەشێتەوە و بارودۆخەكە ئاسایی ببێتەوە ئەوا ئەوان بڕیار دەدەن، بەڵام تا ئێستا ئەوەی هەیە تەنیا دیراسەكردنە".
باسنيوز
