توێژەرێکی ئیسلامی سیاسی: کۆمەڵی ئیسلامی بیر لە دروستکردنەوەی مەکتەبی عەسکەریی دەکاتەوە
بەھمەن تاھیر نەریمان، توێژەر لە بواری ئیسلامی سیاسی و ھزری ئایینی، راگەیاند: "بیرۆکەی دروستکردنەوەی مەکتەبی عەسکەریی کۆمەڵی ئیسلامی زۆر مەترسیدارە، چونکە داواکارییەکی خراپە لە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەو ناوچانەی خۆپیشاندانیان تێدا ڕوو دەدات، جۆرێک لە کەش و ھەوا رەخساوە بۆ دروستبوونی ئەجێندای جۆراو جۆر کە کاربکەن بۆ بەگەڕ خستنی بیرۆکەی مەترسیدار لە کوردستان“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە دروستکردنەوەی مەکتەبی عەسکەریی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان یەکێکە لەو ئەگەرانەی کە بەهۆی ئەم دۆخەوە هاتووەتە ئاراوە. گوتیشی: ”دۆخی کوردستان ئەگەر بەو شێوەیە بۆ پاشاگەردانی بڕوات، بە دوور نازانرێت کە مەکتەبی عەسکەریی کۆمەڵ دروست ببێتەوە".
ئەو توێژەرە ئاماژەشی بەوە کرد: ”بۆ دۆخی کوردستان ئەمانە زۆر مەترسیدارن، گومان دەکەم ئەمە یارییەکی مەترسیدار بێت، ھیچ دوور نییە ئەوانە، ئەو مەکتەبە ئەکتیڤ بکەنەوە".
ئاشکراشی کرد، کە دروستکردنی مەکتەبی عەسکەریی کۆمەڵ، ھەنگاونانە بەرەو میلیشابوونی کوردستان، ”لە دونیای ئیسلامیش لە ھەر شوینێک گرووپی ئیسلامیی جیھادی ھەبوو، ئاسایشی ئەو شوێنە بەرەو ھەڕەشە دەچێت، چونکە ئەو گرووپانە، گرووپی دیکەیان لێدەبێتەوە“. گوتیشی: ”ترسمان لەو ھێزە چەکدارانە ھەبوو کە نموونەیان لە ھەورامان ھەبوو کە دواتر جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلامیان لێ دروست بوو".
لە بەرامبەردا کامیل مەحموود، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ھیچ کاتێک لەگەڵ دروستکردنی میلیشای تایبەت بە حزبەکان نین، لەگەڵ ئەوە نین ھیچ ھێزێکی سیاسی لە کوردستان، بەدەر لە سیاسەت کاری عەسکەری بکات، چونکە قۆناغی ئێستا قۆناغێکی ھەستیارە“.
ئاماژەشی بەوە کرد: ”کوردستان ئێستا پێویستی بەوە ھەیە، دامەزراوەی سەربازی بونیاد بنرێت، ئەو دامەزراوانە لەسەر بنەمای شەرعیەت پێک بهێندرێن نەک ھەر حزبێک ھێزێکی سەربازی ھەبێت".
باسنیوز
