رووسیا تێچووی پێشبینیکراوی ئاوەدانکردنەوەی سووریا ئاشکرا دەکات
ئەلێکسەندەر لاڤریێنتیڤ، نێردەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بۆ سووریا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی مەرجی بۆ گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ بەشداربوون لە دانوستاندنەکانی سوچی هەیە، کە بریتییە لە قبوڵکردنی مانەوەی بەشار ئەسەر لە سەرۆکایەتیی رژێمی سووریا.
ئەلێکسەندەر لاڤریێنتیڤ هەروەها رایگەیاندووە، کە ئاوەدانکردنەوەی سووریا پێویستیی بە بڕە پارەیەکی زۆرە، ”زیانە ماددیەکانی شەڕی سووریا لانی کەم بە 400 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێ“.
بڕیارە لە کۆتایی مانگی داهاتوو، لە شاری سوچی لە باشووری رووسیا، کۆنگرەیەک بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا بە سەرپەرشتیی حکوومەتی رووسیا، ساز بکرێت.
رۆژی هەینی 22/12/2017، ئەلێکسەندەر لاڤریێنتیڤ رایگەیاند، کە هەموو گرووپ و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێم بەشداریی کۆنگرەکە دەکەن، بەڵام پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، بەشداریی ناکات.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 500 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
باسنیوز
