ڕاوێژکارێکی یەکگرتوو: ھیچ کات خۆمان بە کۆمەڵ و گۆڕانەوە ھەڵنەواسیوە

 ڕاوێژکارێکی یەکگرتوو: ھیچ کات خۆمان بە کۆمەڵ و گۆڕانەوە ھەڵنەواسیوە
ڕاوێژکارێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕای گەیاند: "یەکگرتوو لە حکوومەت نەکشاوەتەوە و کشانەوەی یەکگرتوو دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری فەرمیی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی حزبەکەمان و ھیچکات خۆی بە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییەوە ھەڵنەواسیوە.



ڕێبوار سەید گوڵ، ڕاوێژکارێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی، ڕاگەیاند: یەکگرتوو لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەکشاوەتەوە، بێگومان کشانەوەی یەکگرتوو لە حکوومەت دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی حزبەکەمان، بەڵام لەناو یەکگرتوودا بۆچوونی جیاواز ھەیە، چونکە ھەندێک لە ئەندامەکانمان لەگەڵ کشانەوە دان و ھەندێکی دیکەش لەگەڵ کشانەوەی یەکگرتوو لە حکومەت نین".



ئەو ڕاوێژکارەی یەکگرتووە ئاماژەی بەوەش دا: "ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، خاوەن ھەڵوێستی خۆمانین، بۆیە ھیچ کات خۆمان بە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ھەڵنەواسیوە، تەنیا خۆمان بە دواڕۆژ و بەرژەوەندیی باڵای میللەتەکەمانەوە بەستووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک لە حکوومەتدا بەشدار بووین بەشدارێکی کارا بووین بۆ چاککردنەوەی ھەڵەکانی حکوومەت، ئەوەی پێمان کراوە بەپێی توانای خۆمان درێغیمان نەکردوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ھەموومان لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەکەماندا کار بۆ چارەسەریی کەموکورتییەکان بکەین، بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی و ژیانێکی شایستە بۆ ھەونیشتمانیان بگەڕێتەوە".



باسنیوز
Top