فراکسیۆنی پارتی: دەستکاری مووچەی پێشمەرگە ناکرێت

فراکسیۆنی پارتی: دەستکاری مووچەی پێشمەرگە ناکرێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بڕیاری پاشکەوتی مووچەی ھێزە ئەمنییەکان دەڵێت: مووچەی پێشمەرگە دەستکاری ناکرێت." دەشڵێت: لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەکەیان دەکرێت.

ئومێد خۆشناو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند رۆژێکە دەنگۆی دەستکاریکردنی مووچەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ھەیە. بەخۆشحاڵییەوە لە سەرچاوەیەکی بڕیاربەدەست و پەیوەندیداری حکومی دڵنیاکراینەوە کە بەھیچ شێوەیەک دەستکاری مووچەی پێشمەرگەی ئاسایی ناکرێت. تەنیا بڕێکی کەم دەستکاری مووچەی پلەدارەکان دەکرێت".

بە ئاماژەکردن بەوەی لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە دەکرێ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەختیکردەوە کە لەگەڵ ھەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی و پێداچوونەوە بە مووچەی فەرمانبەر و چاککردنی بژێوی ژیانی ھاووڵاتیانی کوردستانن. هەروەها بەھەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دەربازبوون لەم دۆخە نەخوازراوە و باوەڕیان بە چارەسەر و چاکبوون و دەربازبوون لەو دۆخە کاتییە ‌ھەیە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بەهۆی كەمیی داهات دەستكاری سیستەمی مووچەی هێزە ئەمنییەكان بكات و كەمی بكاتەوە، وەك چۆن پێشتر مووچەی فەرمانبەرانی كەم كردەوە. (رووداو) زانیویەتی مووچە و خەرجیی مانگانەی سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی كوردستان (پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیس) 320 ملیار دینارە، ئێستا حكومەت دەیەوێ‌ 105 ملیار دیناری لێ‌ كەمبكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرماندەكانی پێشمەرگەیان گوتووە، دیراسەیەك بكەن كە چۆن دەتوانن مانگانە ئەو 215 ملیار دینارە بەسەر پێشمەرگەدا دابەشبكەن.

تاوەكو پێش 16ی ئۆكتۆبەر، حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە 656 ملیار دینار داهاتی هەبوو، بەڵام پاش 16ی ئۆكتۆبەر و لەدەستدانی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك كە رۆژانە 360 هەزار بەرمیل نەوت لەو كێڵگانەوە هەناردەدەكرا و داهاتەكەی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، ئێستا داهاتی حكومەت بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی مانگانە تەنیا 400 ملیار دینارە، هەر ئەو كەمبوونەوەی داهاتە وایكرد كە حكومەت ئەمساڵ تەنیا نۆ مووچەی بەپێی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە پێ بدرێ‌، ئەگەر بەغداش بوجە نەنێرێ، بەنیازە لەمەودوا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیش کەمبکاتەوە.
rudaw -
Top