"پەرلەمان لە چاوەڕوانی پاکێجە چاکسازییەکەی حکوومەتە"
گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، (د. محەمەد عەلی یاسین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە کۆبوونەوەی نێوان حکوومەت و پەرلەماندا ئێمە داوامان لە حکوومەت کرد، پێشنیارەکانی خۆیان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بۆ ئێمە ڕەوانە بکەن، لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانیش کار لەسەر ئەو پێشنیارانە دەکەن، چونکە حکوومەت بۆ ھەر کاروبارێکی خۆی لە وەزارەت و دامودازگا حکوومییەکاندا لیژنەیەکی دروست کردووە.''
(د. محەمەد عەلی) گوتی: ''حکوومەت پاکیجێکی ھەیە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و ئێمەش لە کۆمەڵێک یاسادا ھەندێک ماددە ھەموار دەکەین بۆ ئەوەی ئەو چاکسازییانە بکرێت و ھەرکاتێک پاکێجەکەی حکوومەت گەیشتە پەرلەمان، بڕیارە لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەکەوە پەرلەمان کار بۆ ئەو چاکسازییانە بکات.''
لەبارەی ناوەرۆکی پاکێجەکەی حکوومەتەوە، گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد گوتی: ''ئەو پاکێجە پەیوەندیی بە مووچەی خانەنشینیی نایاسایی و مووچەی نایاسایی و مووچەی ناعەداڵەتی و بواری دیکەوەیە و پێداچوونەوە بە ھەموو دامودەزگا حکوومییەکاندا دەکرێ و لە زۆر فەرمانگە بەڕێوبەرایەتیی خانەنشینی ھەیە، ئەمانە ھیچی نامێنن و تەنھا یەکێک دەمینێت و سەر بە وەزارەتی دارایی دەبێت.''
گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد گوتیشی: ''پاکێجەکەی حکوومەت پەیوەندیی بە زۆر یاساوە ھەیە، کە پێویستە ھەموار بکرێنەوە، بۆیە ئێمەش باسمان لەوە کردووە، بۆ ئەو پاکێجە یاسایەک بۆ ھەمووان دەردەکەین، لەجیاتی ھەموارکردنی ئەو ھەموو یاسایانە.'' لەبارەی وادەی ڕەوانەکردنی ئەو پاکێجەی چاکسازی بۆ پەرلەمان لە لایەن حکوومەتەوە، (عەلی) باسی لەوە کرد: ''ئێمە داوامان لە حکومەت کردووە بە زووترین کات بۆمان ڕەوانە بکەن، ئەوانیش باسیان لەوە کردووە لە ماوەیەکی نزیکدا بۆتان ڕەوانە دەکەین.''
kdp -
