پەرلەمانتارێک: حکوومەتی عێراق جیاوازی لەنێوان جووتیارانی کورد و عەرەب دەکات

پەرلەمانتارێک: حکوومەتی عێراق جیاوازی لەنێوان جووتیارانی کورد و عەرەب دەکات
ئەندامێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای دەگەیەنێت، حکوومەتی عێراق بۆ ھەر تەنێک گەنم لە جووتیارانی عێراق بڕی 560 ھەزار دیناری دیاری کردووە و بۆ جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بڕی 260 ھەزار دیناری دیاری کردووە.



ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، گەنمی جووتیاران بۆ ساڵەکانی 2014، 2015 و 2016، بۆ ھەر تەنێک بە 560 ھەزار دینار لە جووتیارانی عەرەب و عێراقی وەردەگرێت و بەزووترین کات پارەیان پێ دەدرێت، بەڵام بۆ جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەر تەنێک گەنم، بڕی 260 ھەزار دانراوە، ئەم بڕیارەی عەبادیش دژی جووتیارانی کوردە و غەدرێکی زۆر گەورەیە".



ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەشی خستە روو: "وەک 65 پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاداشتێکمان ئاراستەی عەبادی و وەزیری کشتوکاڵی عێراقی کردووە، کە لە یاداشتەکەماندا ڕوونمان کردووەتەوە کە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ ھەر تەنێک گەنم دانراوە، غەدر لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کراوە، پێویستە بە زووترین کات ئەو بڕیارە ھەڵبوەشێتەوە و ھەمان ئەو بڕە پارەیە کە بۆ ھەر تەنێک دانراوە بۆ عەرەبەکان، بەو شێوەیەش ئەو بڕە پارەیە بدرێت بە جووتیارانی کورد".



لەماوەی رابردوو، پارەی گەنمی جوتیاران لە بودجەی تەواوکاری عێراقدا پەسەند کرا، کۆژمەی ترلیۆنێک و 658 ملیار دینار تەرخان کرا، ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی کە دەبێت بدرێت بە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، بەکەمی بدرێت ئەمەش یەکێکی تر دەبێت لەو بڕیارانەی حکوومەتی عێراق دژ بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.


لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا، جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر لە گەنمەکانیان ڕەوانەی بەغدا دەکەن، بەڵام لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە پارەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە ناکرێت.
bas news -
Top