فوئاد حوسێن: بەغدا ناچارە نەوتی کەرکووک بە بۆڕیی هەرێم هەناردە بکات

 	 فوئاد حوسێن: بەغدا ناچارە نەوتی کەرکووک بە بۆڕیی هەرێم هەناردە بکات
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە لیژنەی نەوت و گاز گوتی، لەو کاتەوەی حەشدی شەعبی دەستی بەسەر نەوتی کەرکووکدا گرتووە، زیانی زۆر بەر نەوتی ئەو شارە کەوتووە و ھیچ ڕێگە چارەیەکیشیان نییە، جگە لەوەی لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمەوە نەوتی کەرکووک ھەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆیە گەر بەو شێوەیە نەبێت کاریگەریی لەسەر بودجەی ساڵی داھاتووش دەبێت.

لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی ھەرێم ڕاگیراوە، کە پێشتر ھەرێمی کوردستان ئەو نەوتەی ھەناردە دەکرد و مانگانەش ١٠ ملیۆن دۆلاری دەدا ئیدارەی کەرکووک و حکوومەتی عێراقیش بۆ بودجەی ساڵی داھاتوو دایناوە ڕۆژانە لە کەرکوک ٣٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکرێت، شارەزایانیش پێیان وایە، جگە لە بۆڕیی نەوتی ھەرێم، بەغدا ڕێگەی دیکەی نییە، بۆ ئەوەی نەوتی کەرکووک ھەناردەی دەرەوە بکات.

لەم بارەیەوە ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، (فوئاد حوسێن) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوتی ھەیە، بەڵام ئەوەی کەرکووک جیاوازە لە بەشەکانی دیکەی عێراق، کە ناوچەیەکی کێشە لەسەرە، بۆیە نابێ ھیچ ھەنگاوێک بەبێ ھەرێمی کوردستان بنێت و جگە لەوەش، پێویستە ھەرکارێک بکەن، بە ھەماھەنگی بێت لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ودوای ئەوەش، حکوومەتی عێراق ھیچ ڕێگایەکی نییە نەوتی کەرکووک ھەناردەی دەرەوەی بکات، جگە لە بۆڕیی نەوتی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ناتوانێ لە ڕێگەی ئەو بۆڕیەی لە ڕێگەی دەشتی نەینەواوە تێپەڕ دەبێت ھەناردەی بکات، لەبەر ئەوەی پێشتر لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە تێک دراوە و نەیدەتوانی کۆنترۆڵی بکات و ناتوانێت چاکیشی بکاتەوە، لە بەر ئەوەی ئەمنیەتی ئەستەمە، بۆیە جگە لەوەی بە تەنکەر ڕۆژانە ٣٠ ھەزار ھەناردەی دەرەوە بکات، ناتوانێ ھیچی دیکە بکات، ئەمەش تێچوونی لە قازانجی زیاترە.''

(فوئاد حوسێن) گوتی: ''ئەگەر حکوومەتی عێراق بەبێ ھەرێمی کوردستان نەوتی کەرکووک بەرھەم بێنێت وھەناردەی دەرەوەی بکات پێچەوانەی دەستووری عێراقە، کە ئێستا عێراق وەکو دروشمێک دەستوور بەکار دێنێت.''

لەبارەی ئەو زیانەی بەر نەوتی کەرکووک کەوتووە لە دوای ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ ئەو شارە، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: ''زیانێکی ئێکجار زۆر بەر نەوتی کەرکووک کەوتووە، ھەم لە ڕووی بەرھەمھێنان و ھەم لە ڕووی دەرھێنانییەوە، چونکە بەشێکی بۆ پاڵاوگەکان ڕەوانە دەکات و بەشێکیشی جارێکی دیکە دەکرێتەوە ناو بیرە نەوتەکان، کە ئەمەش لە ڕووی زانستییەوە زۆر خراپە و عێراقیش زیانی زۆری کردووە لە نەوتی کەرکووک، چونکە نەوتی کەرکووک حیسابە لەسەر بودجەی ساڵی داھاتوو، ئەگەر ڕۆژێک نەوت ھەناردە نەکات کێشە بۆ بودجەی عێراق دروست دەکات.''

(فوئاد حوسێن) گوتیشی: ''پێشتر دیار بوو ڕۆژانە چەندە نەوت ھەناردە دەکرا، بەڵام ئێستا دیار نییە و جگە لەوەش، پارەی پترۆدۆلار لە ساڵی ٢٠١٤وە نەدراوە بە کەرکووک و ھەرێمی کوردستانیش لەو کاتەی نەوتەکەی لە دەستیدا بوو، مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلاری پێ دەدا، ئێستا ئەوەش نەماوە و عێراق نایدات.''
kdp -
Top