"زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی لە ئاییندا حەرامە"

زانایانی ئایینی پێیان وایە، ئەوەی بە ناوی خۆپێشاندانەوە توندوتیژی بەکار دێنێت، پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام جێبەجێی دەکات و پسپۆڕێکی زانستە ئیسلامییەکانیش دەڵێ، زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و تایبەتی، پێچەوانەی دەقە ئایینییەکانە و لە ڕووی شەرع و یاساوە سزای بەدواوەیە.

(د.محەمەد خالید)، پسپۆڕی زانستە ئیسلامییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەدەر لە ڕووە سیاسییەکەی، لە ڕووی شەرعەوە سووتاندن و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و تایبەتی، دروست نییە و پێچەوانەی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامە، ئەوەیشی بینیمان لە ڕۆژانی ڕابردوو لە سلێمانی و ھەندێ ناوچەی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕووی دا، پێی دەگۆترێت فەوزا و سووتاندنی بارەگای حکوومەت و حزبەکان یەک ناگرێتەوە لەگەل شەریعەتی ئیسلام، چونکە بە پێی شەریعەتی ئیسلام و یاسا کارپێکراوەکانیش ھەرکەس و لایەنێک دەستی ھەبووبێت لەو زیانانەدا سزای بەدواوەیە و پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەل بکرێت، ھەندێک جاریش ئەو سزایانە توندن و دەبێ ھاووڵاتییان ئاگاداری ئەوە بن.''

دوکتۆر (محەمەد خالید) گوتی: ''دواکاری، ماف سرۆشتییە و ڕێگە پێدراوە، بەڵام ڕێگەی خۆی ھەیە و نابێ بە نانەوەی فەوزا بچیت تەحەدا لە مافی خەڵکی دیکە بکەیت، بەھەر ڕێگایەکی سلمی و ئاشتیانە خۆپێشاندەران و ھاووڵاتییان داواکارییان ھەیە لە حکوومەت و دەسەڵات دەتوانن لە ڕێگەی یاساوە بیگەیەنن، من داوا لە ھاووڵاتییان دەکەم خۆیان دوور بگرن لە توندوتیژی و ھەتا بکرێت بە ئاشتی و مەدەنیانە داوکاریی خۆیان بگەیەنن و لە شەرع و یاسا دەرنەچن.''

مەلا (ئیحسان ڕێکانی) لەبارەی خۆپێشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەڵێت: ''ئایینی ئیسلام و ھیچ ئایینێکی دیکەی ئەرزی و ئاسمانی لەگەڵ نانەوەی توندوتیژی و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و خەڵکیش نین، بە پێی ھەموو پێوەرێکی ئایینی و دەقی شەرعی، نانەوەی ئاژاوە و توندوتیژی حەرامە و بە ھیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە لەژێر ھەر ناو و بیانوویەکدا بێت.''

(ڕێکانی) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''خۆپێشاندانی ھاووڵاتییان لە ڕووی ئایینیەوە دروستە بۆ داواکردنی مافەکانیان، بەڵام ھەر بە پێی شەرع نابێت بۆ داواکاریکردنی ھەر مافێک زیان بە خەڵکی دیکە بگەیەنی و ببێتە ھۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی، بڵاوکردنەوەی ترس و ئالۆزی ڕێگەپێدراو نییە لە ئایینی ئیسلامدا، چونکە ئەمەی چەند ڕۆژی ڕابردوو کراوە، بەداخەوە خەڵکی بەکوشت دراوە، ترس و دڵەڕاوکێ بڵاو بووەتەوە لە نێو ھاووڵاتییاندا، نابێ خۆپێشاندان ببێتە ئەگەری لەدەستدانی دەستکەوتی دیکە، پێم وایە بەشێک لە خۆپێشاندەران، ئەوانەی ئالۆزی دەنێنەوە، ڕێگە بۆ نەیارانی ھەرێمی کوردستان خۆش دەکەن، تا دەست لە کاروباری ھەرێم وەربدەن.''


kdp -
Top