ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک: تاوەکو دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە بەشداریی کۆبوونەوەکان ناکەین

 ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک: تاوەکو دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە بەشداریی کۆبوونەوەکان ناکەین
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاماژە بەوە دەدات، کە تاکو دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەن.

دڵشاد پیرۆت، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: "بە ھەشت مەرج بۆ کەرکووک دەگەڕێنەوە و بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەین، مەرجەکانیشمان پتر بریتییە لە ئاساییبوونەوەی بارودۆخی کەرکووک".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەوەشی خستە روو: " ئەگەر مەرجەکانمان جێبەجێ کرا، ئەو کاتە لە نێو ھۆڵی ئەنجومەن لە کەرکووک ئامادە دەبین و بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەین".

ئاشکراشی کرد، کە ئەگەر ئەو ھەشت خاڵەی کە ئاراستەی حکوومەتی عێراقیان کردووە بۆ ئاسایبوونەوەی دۆخی کەرکووک جێبەجێ نەکرێت، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ناکرێت.

لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بە ھۆی ئاوارەبوونی سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، نەتوانراوە کۆبونەوەیەکی فەرمی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".












باسنیوز
Top