سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: مووچەی پێشمەرگە دەسکاری ناکرێت
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەپەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 23/12/2017، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، پۆستێکی کردووە و نووسیویەتی: "چەند ڕۆژێکە دەنگۆی دەستکاریکردنی مووچەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ھەبوو، ڕۆژانە دەربارەی ئەم پرسە چەندین پەیوەندی ھەبوو، ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی بە بەردەوامی لەگەڵ دەسگاکانی پەیوەندار لەسەر ھێڵ بووین وبەدواداچونمان دەکرد".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئەوەشی خستوەتەڕوو: "بەخۆشحاڵییەوە ئێستا لەسەرچاوەیەکی بڕیار بەدەست و پەیوەنداری حکوومی دڵنیاکراینەوە، کە بە ھیچ شێوەیەک مووچەی پێشمەرگە دەسکاری ناکرێت و لە نزیکترین کات دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، ئەوەی دەسکاری دەکرێت، بڕێکی کەم مووچەی پلەدارەکانە".
ئەوەشی روون کردووەتەوە، کە ئەوان لەفراکسیۆنی پارتی، جەخت لەوە دەکەنەوە کە لەگەڵ ھەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی و پێداچوونەوە بە مووچەی فەرمانبەر و چاککردنی بژێوی ژیانی ھاووڵاتییانی کوردستانن، ھەروەھا بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی لەھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ دەربازبوون لەم دۆخە نەخوازراوە، باوەڕیان بە چارەسەری و چاکبوون و دەربازبوون لەو دۆخە کاتیە ھەیە.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، دەشڵێت: "ھەڵبەت پشتیوان و پشگیری خواستەکانی پێشمەرگە، ھێمای مانەوە و بەرڤانی کوردستان بووین و دەبین".
باسنيوز
