ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان: قسەکانی عەبادی موزایەدەی سیاسییە

 ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان: قسەکانی عەبادی موزایەدەی سیاسییە
ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان، ئاماژە بەوە دەدات، کە ھیچ ئومێدێک لەسەر قسەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق نییە، چونکە نایەوێت مووچە و بودجەی کوردستان بنێرێت.

کەنعان ئیسماعیل، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند: "پێویستە کورد دوای ھەڵبژاردن یەکڕیز بێت و فشار لەسەر بەغدا بکەن، بۆ ئەوەی کەرکووک بگەڕێتەوە دۆخی جارانی، چونکە ئەوەی لە کەرکووک دەگوزەرێت داگیرکارییە".

ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی گۆڕان، جەختی لەوەش کردەوە، کە قسەکانی حەیدەر عەبادی، بەشێکە لە موزایەدەی سیاسی تا دوای ھەڵبژاردنیش بەغدا ھەروایە، بۆیە کەس ئومێد لەسەر قسەکانی عەبادی ھەڵنەچنێت.

ئاشکراشی کرد، کە سەرجەم لایەنەکانیش ئەوە دەزانن، کە ئەوەی عەبادی دەیکات، فشارە بۆ ئەوەی کوردستان چۆک دابدات، دەشڵێـت: "پێم وایە ئەم بەڵێنانەی عەبادی ئەسڵی نییە، تا دوای ھەڵبژاردن دۆخەکە ھەروایە".

کەنعان ئیسماعیل، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان، گوتیشی: "حەق وایە ئیتر سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان، ڕوو لە عەبادی نەکەن، داوای دانووستاندن و کۆبوونەوەی لەگەڵ نەکرێت، چونکە سودی نییە".











باسنیوز
Top