سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی پشتگیریی وێرانکردنی فەرمانگە حکوومییەکانی سلێمانی دەکات
بەپێی ھەواڵی میدیا عێراقییەکان، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی میلیشیای عەسایب ئەھلی حەق، لە شاری نەجەفەوە رایگەیاندووە، داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە پشتگیریی خۆپیشاندەرانی سلێمانی بکات.
قەیس خەزعەلی، کە بەردەوام لێدوان و ھەڵوێستەکانی دژی گەلی کوردستانە و چەکدارەکانی میلیشیاکەی لە خورماتوو و کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە دەستیان بە خوێنی ھاووڵاتییانی کوردستان سوورە، رایگەیاندووە، نابێ ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان دژی وێرانکردن و سووتاندنی فەرمانگە حکوومییەکان لەلایەن کەسانێکی ئاراستەکراوەوە بجووڵێندرێن.
لە رۆژی دووشەممە ١٨/١٢/٢٠١٧ لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای سلێمانی ھاووڵاتییان بە دەستلەپشتدانی چەند کەسایەتی و حزبێکی تێوەگڵاو لە گەندەڵی، لەژێر ناوی دژایەتیکردنی کەمیی خزمەتگوزاری و درەنگ کەوتنی دابەشکردنی مووچە، چەندین فەرمانگەی حکوومی و بارەگای حزبەکان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستانیان سووتاند.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنيوز
