حەشدی شەعبی لەسەر سنووری سووریا جێگیر دەکرێت

 حەشدی شەعبی لەسەر سنووری سووریا جێگیر دەکرێت
فەرماندەیەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، کە گرووپە چەکدارییەکانیان لەسەر سنووری سووریا، جێگیر دەکەن.

قاسم موسڵیح، فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، کە میلیشیاکانیان لەسەر سنووری عێراق- سووریا ئەرکیان پاڵپشتیی ھێزەکانی سوپای عێراق دەبێت.

قاسم موسڵح ھەروەھا رایگەیاندووە، کە بڕیاری جێگریکردنی میلیشیاکان لەسەر سنووری سووریا دوای ئەوە دراوە، کە لەو وڵاتەوە مووشەک ئاراستەی بنکەکانی پاسەوانی سنووری عێراق کراوە.

پێشتریش ھێزەکانی سووریای دیموکراتی (ھەسەدە)، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پێکھێنەری سەرەکییەتی، رێککەوتنێکی لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان بۆ کۆنترۆلکردنی سنووری نێوان عێراق - سووریا، واژۆ کرد.

گومان دەکرێ چەکدارانی داعش بەشێوەی پارتیزانی ھێرش بکەنە سەر سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.

حەشدی شەعبی لە زیاتر لە ٦٠ میلیشیای شیعەمەزھەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای ھەرەس پێھێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی٢٠١٤ لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.










باسنيوز
Top