پەرلەمانتارێکی گۆڕان: پێویستە هەڤاڵ ئەبوبەکر بەزوویی دەست لەکار بکێشێتەوە

 پەرلەمانتارێکی گۆڕان: پێویستە هەڤاڵ ئەبوبەکر بەزوویی دەست لەکار بکێشێتەوە
پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای دەگەیەنێت، پارێزگاری سلێمانی، وەک سەرۆکی لێژنەی ئەمنیی پارێزگا، بەرپرسیارە لەوەی کۆنتڕۆڵی ھێزە ئەمنییەکان بکات، ”ئەگەر پێی نەکرا، پێویستە واز لە پۆستەکەی بێنێت“.



مەحمود ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان،، ڕاگەیاند: "ھێزێکی ئەمنی زۆر لە سنووری سلێمانی بڵاو بوونەتەوە و لەنێو ئەو ھێزە ئەمنییەدا زانیاری ھەیە کە چەکداری عەرەب بوونی ھەیە، بەڵام ئێمە تا ئێستا نازانین، ئاخۆ ئەو چەکدارانەی بەزمانی عەرەبی قسە دەکەن، کێن و لەکوێوە ھاتوون؟”.



ھاوکات پەرلەمانتارەکەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو: ”ڕاستە ھەڤاڵ ئەبوبەکر، وەک پارێزگاری سلێمانی، سەرۆکی لێژنەی ئەمنیی شارەکەیە، بەڵام ھێزەکانی ناو یەکێتی، گرووپێک دەسەڵاتی بەسەر گرووپێکی دیکەدا نییە، ھەر ھێزێکی ناو یەکێتیی سەر بە بەرپرسێکی دیاری کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھێزەکانی یەکێتیی لە پاشا گەردانییەکی سەیردایە“.



ئاماژەی بەوەش دا: ”ئەگەر توندوتیژییەکان بەردەوام بێت، پێویستە بزووتنەوەی گۆڕان، بەفەرمی لە حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی بکشێتەوە و ھیچ پۆستێکی حکوومی نەمێنێت، تا ئەوکاتەی ھەڵبژاردن دەکرێت، چونکە ناکرێ گۆڕان لە حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی دەسەڵاتی ھەبێت، بەڵام نەتوانێت لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا ڕێگری لە توندوتیژیەکان بکات“.



پەرلەمانتارەکەی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەش کرد: "ھەڤاڵ ئەبوبەکر، بەرپرسیارە لەوەی کۆنتڕۆڵی ھێزە ئەمنییەکان بکات، ئەگەر پێی نەکرا، پێویستە بەزوویی واز لە پۆستەکەی بێنێت“.



ھەفتەی ڕابردوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان، ژمارەیەک لە ھاووڵاتییان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، بەڵام خۆپیشاندانەکان توندوتیژیی لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک بارەگای حکوومی و حزبی سووتێندران و ژمارەیەکیش لە خۆپیشاندەران بوونە قوربانی.



باسنيوز
Top