یەکێتی هێرش دەکاتە سەر گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی.. زانیاریی ورد بخوێنەوە..
ئارێز عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند: ھەموو ئەو حزب و کەسانەی ئەگەر ڕۆژێک لەناو حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بووبن، ئەوا بەشێک لە ئۆباڵی ئەم دۆخەی ھەرێمی کوردستان ئێستا دەکەوێتە ئەستۆیان، بۆیە ھەر کەس و لایەنێک پێی وابێ کە ئێستا لە حکوومەتدا نەماوە و پاک دەبێتەوە، ئەوا ھەڵەیەکی گەورەیە، چونکە کشانەوەیان ئێستا گونجاو نەبوو، لەبەر ئەوەی ئێستا ھەرێمی کوردستان نەک ھەر لە ناوخۆ، بەڵکوو لە دەرەوەش ھەڕەشە لەسەر قەوارەی ھەیە".
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئەوەشی ڕوون کردەوە، کە گۆڕانکاری لە حکوومەت، تەنیا بە لایەنێک و دوو لایەن ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە پرۆژەیەکی نیشتمانی ھەیە کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بێت".
لەبارەی کشانەوە و زیادبوونی ڕێژەی دەنگدەرانی ئەو حزبانەی کە لە حکوومەت کشاونەتەوە، ئارێز عەبدوڵا گوتیشی: "بڕوا ناکەم و خەڵک لەوە وشیارترە و ئەزانن حزبێک چوار ساڵ لە دەسەڵاتدا بێت و لە ڕۆژەکانی کۆتاییدا بکشێتەوە، ئەزانن ئەستۆی پاک نابێتەوە، بۆیە ھیچ کاریگەریی لەسەر ھێز و توانایان ناکات، چونکە بینیمان لە خۆپیشاندانەکاندا بارەگای ھەموو حزبەکان وەک یەک سووتێندران، خۆ ئەگەر وا بوایە، دەبوو بارەگای ئەو حزبانە گوڵباران بکرێن".
لە هەفتەی ڕابردوودا و دوای مانەوەیان بۆ ماوەی چوار ساڵ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بڕیاریان دا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکشێنەوە و تا هەڵبژاردن کە تەنیا چەند مانگێکی ماوە، وەک ئۆپۆزسیۆن کار بکەن، بەو هۆیەشەوە چاودێران ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەو کارەی گۆڕان و کۆمەڵ تەنیا موزایەدەی سیاسییە.
باسنیوز
